وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاند کە باشترین دیاری و یارمەتییەک کە کۆماری ئیسلامی دەتوانێ بیداتە خەڵکی سووریە ئەوەیە کە هێزە تێرۆریستیەکانی لەو وڵاتەدا بباتە دەرەوە.
“مۆرگان ئۆرتێگاس” وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا هاوکات لەگەڵ سەفەری محەممەد جەواد زەریف وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی بۆ سووریە وتی: “تەنیا دەسکەوتێک کە کۆماری ئیسلامی بۆ خەڵکی سووریە هیناویە شەڕ و خوینڕشتن و ماڵوێرانی بووە و بەو یارمەتییانەی کە لە سەروەت و سامانی خەڵکی ئێرانی دەدزێ و بە دەیان میلیارد دۆلار بۆ بەشار ئەسەد بە دیاری دەبا، بەرپرسی سەرەکییە لە کوشتار و ئاژاوەی ولاتی سووریەدا.
ئۆرتێگاس بە تانەوە دەپرسێ بڵێی ئەمڕۆ زەریف چەندە پارەی لە گەڵ خۆی بردبێ بۆ بەشار ئەسەد، کۆماری ئیسلامی ئەگەر دەیهەوێ یارمەتی خەڵکی سووریە بدا با هیزە تیرۆریستییەکانی حیزبۆڵا و سپای پاسداران و ئەوانی دیکەش لە وڵاتی سووریە بباتە دەرەوە.












