ڤایرۆسی کۆڕۆنا لەگەڵ ئەوەی کە زیاتر لە دوو میلیۆن و ٤٥٠ هەزار کەسی لە جیهاندا تووشی نەخۆشیی کردوە، لە هەمانکاتدا بە میلیۆنان کەسیشی بێکار و برسی کردوە.
بەپێی ئەو ڕاپۆرت و ئامارانەی کە ڕۆژانە لە لایەن دەزگا پێوەندیدارەکانەوە بڵاودەکرێنەوە، ژمارەی بێکاران بەهۆی کۆڕۆناوە ڕۆژ لەدوای ڕۆژ لە پەرەسەندن دایە و ئەوەش نەک هەر خەڵکی لەگەڵ برسییەتی و نەبوونی بەرەوڕوو کردۆتەوە، بەڵکوو زەبرێکی قورسیشی لە ئابووریی جیهان داوە.
لە وڵاتی ئێران کە ئابوورییەکی شپڕێوی هەیە، بەپێی ڕاپرسییەک کە کراوە، کۆڕۆنا لەباری ئابوورییەوە کاریگەریی نەرێنی لەسەر لە سەتا پەنجای خەڵکی ئێران داناوە.
بەپێی ڕاپرسییەک کە لەوبارەوە لە ئێران ئەنجام دراوە، ڤایرۆسی کۆڕۆنا بۆتە هۆی ئەوەی کە لە سەتا ٤١ و ٧ کەس شوێنی کارەکەیان داخراوە، لە سەتا ١٣،٥ و کەس کارەکانیان لەدەست داوە و تەنیا لەسەتا ٢٦ و ٣ کەس توانای داراییان وەک خۆی ماوەتەوە.
لە کاتی سەرهەڵدان و تەشەنە سەندنی کۆڕۆنادا بەشێک لە دەوڵەتان بۆ پێشگیری لە برسییەتی و هەژاری هاوکاری خەڵکی وڵاتەکانیان کرد بەڵام لە ئێرانی ژێردەسەڵاتی ڕێژیمی ئاخوندەکاندا خەڵک خۆیان بە خەمی یەکترەوە بوون و هاوکاری یەکتریان کرد. ڕێژیم نەک هەر هاوکاری خەڵکی نەکرد، بەڵکوو سامان و دارایی گەلانی ئێرانی ناردە سووریە و ئەو گرووپ و میلیشیا تێڕۆریستیانەی کە خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی ولایەتی فەقی دەکەن. لە ئێران نەک هەر بە خەڵک ڕانەگەیشتن بەڵکوو نەبوونی ئیمکانات و کەرەستەی پێویست بوو بەهۆی گیان لەدەستدانی سەدان دوکتۆر، پەرستار، کارمەندی خۆشخانە و بنکە تەندروستییەکان.
بەپێی ئەو ئامارانەی کە تا ئێستا بڵاوکراونەتەوە تا ئێستا لە جیهاندا دوو میلیۆن ٤٥٢ هەزار و ٣٩٧ کەس تووشی ڤایرۆسی کۆڕۆنا بوون لەوانە ١٦٨ هەزار و ٧٨٢ کەس گیانیان لەدەست داوە.
لە ئێران بەپێی ئاماری ناوەندە ناحکوومییەکان ١٠ هەزار و ٤٩٢ کەس بەهۆی کۆڕۆنا گیانیان لەدەست داوە و وەزارەتی تەندروستیی ئێران ئاماری ٨٣ هەزار ٥٠٥ کەسی بڵاوکردۆتەوە کە تووشی ڤایرۆسەکە بوون.
ڤایرۆسی کۆڕۆنا لەگەڵ ئەوەی کە درەنگ گەیشتە وڵاتی تورکیە بەڵام بەپێی ئامارەکان ژمارەی قوربانییەکان لەسەرێیە و تا ئێستاش بەخێرایی هەر لە حاڵی تەشەنەسەندندایە.