شورای شاری نەغەدە بە دانانی پەیکەری شاخەوانی ناوداری کورد “محەممەد هەوراز” ناڕەزایەتیی دەربڕی.
بە پێی سەرچاوەکانی هەواڵ دوای تێپەڕینی ١٧ ساڵ بەسەر کۆچی دوایی شاخەوانی دیاری کورد “محەممەد هەوراز” شورای شاری نەغەدە بە دانانی پەیکەری ئەم شاخەوانە کوردە لە شەقامی “باڵەخچی” ناڕەزایەتی دەربڕیوە و دەیهەوێ لە جێگای پەیکەری محەممەد ئەوراز پەیکەری “غوڵامڕەزا حەسەنی” دابنێن و بەم جۆرە هەوڵ بدەن شەڕ لە نێوان ئازەریەکان و کوردەکان لەم شارەدا دروست بکەن.
ئەو شاخەوانە كوردە ساڵی ١٣٤٨ی هەتاوی لە شاری نەغەدە لەدایک بووە و ساڵی ١٣٨٢ كاتێک كە دەیویست لووتكەی ” گاشربروومی” لە وڵاتی پاكستان ببڕێ، كەوتبووە ژێر ڕنووی بەفرەوە و دوای ماوەیەك مانەوە لە نەخۆشخانە، گیانی لەدەست دا.
شایانی باسە، محەممەد هەوراز یەکێک لەو شاخەوانە دیارانەی کوردستان بوو کە خزمەتێکی بەرچاوی بە نیشتمانەکەی کردبوو، هەروەها بەهۆی بەهێزی لە بواری شاخەوانیدا توانیبووی چەندین خەڵاتی جیهانی بەدەستبهێنێ، هەر بۆیە هەموو ساڵێک چالاکان و خەڵکی شارەکانی کوردستان بە بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسم و چالاکی جۆراوجۆر یادی ئەم شاخەوانە لەسەر گڵکۆکەی بەرز ڕادەگرن و هەر لەم پێوەندییەدا هونەرمەندی دەستڕەنگینی شاری سنە “هادی زیائەدینی” بە دروستکردنی پەیکەری ئەم شاخەوانە ڕێزی لە خزمەتەکانی گرتوە.