عێراق بە هۆی زیادبوونی تواناکانی لە بەرهەمهێنانی وزەی بەرق، کڕینی بەرقی لە ئێران کەم کردەوە.
وتەبێژی وەزارەتی بەرقی عێراق بە بڵاوکردنەوەی ڕاگەیەندراوێک کە تێیدا هاتووە “لە ئێستادا عێراق زیاتر لە ١٣ هەزار مێگاوایت بەرق بەرهەم دەهێنێت و نزیک بۆتەوە لە بەرهەمهێنانی وزە”.
بە پێی هەواڵێک کە لە ڕۆژنامەی دەوڵەتی ” الصباح” ی عێراقدا بڵاوکراوەتەوە، ” ئەحمەد عەبادی”، ڕۆژی دووشەممە باسی لەوە کرد ئەو بەرقەی کە لە ئێستادا وێستگەکانی برق لە عێراق بەرهەمی دەهێنن دەتوانێ پێویستییەکانی خەڵک دابین بکا، بەم هۆکارە عێراق بە بڕی لە سەتا ٧٥ لە توانای بەرهەمهێنانی نێوخۆیی پێویستی بە کڕینی بەرق لە ئێران نەماوە.
هەروەها ناوبراو ئاماژەشی بەوە داوە کە تەنیا هێڵێکی گواستنەوەی بەرق لە نێوان ئەم دوو وڵاتەدا ماوە، ئەویش هێڵی نێوان “مرصاد- دیالە” یە.
جێی ئاماژەیە کەمی بەرق یەکێک لە کێشە سەرەکییەکانی دەوڵەتی عێراق و هۆکاری سەرهەڵدانی چەندین خۆپێشاندان لەو وڵاتەدا بوو، بەڵام لە ئێستادا دوو کۆمپانیای ” زیمنس” ئاڵمانی و ” جەنەرال ئەلکتریک”ی ئامریکا خەریکی هاوکاریکردنی عێراقن بۆ دابین کردن و بەرهەمهێنانی وزەی بەرق لەم وڵاتەدا.
شایانی باسە، لەم مانگانەی دواییدا بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی بە چەندین جار باسیان لەوە کردبوو کە دەوڵەتی عێراق لە کاتی خۆیدا پووڵی هاوردەکانی بە ئێران نەداوە. لە لایەکی تریشەوە هەندێک لە ڕاپۆرتەکان باسیان لەوە کردبوو واشینگتۆن بەدوای ئیزندان بە دەوڵەتی عێراقەوە بووە هەتا بتوانێ لە کاتی ئابلۆقەکانی سەر ئێران، عێراق درێژە بە مامەڵە و ئاڵوگۆڕی وزە لەگەڵ ئەم وڵاتە بدا.












