کتێبی “هیچ دۆستێک جگە لە چیاکان”، بەرهەمی نووسەری خەڵکی ئیلام “بێهروز بووچانی” بە شێوەی دەنگی بڵاوکرایەوە.
“نەوید محەممەدزادە” ئەکتەری ئێرانی کتێبی ” هیچ دۆستێک جگە لە چیاکان” ی بێهرووز بووچانی نووسەری کوردی خەڵکی ئیلامی ڕۆژهەڵاتی کوردستانی بە دەنگی خۆی خوێندۆتەوە و ڕەوانەی کتێبفرۆشییەکان کردوە.
ڕۆمانی “هیچ دۆستێک جگە لە چیاکان” بەرهەمی بە نێوبانگی”بێهروز بووچانی” پێشتریش لە لایەن “دوکتور هاشم ئەحمەدزادە” لێکۆڵەری کورد بە کوردی چاپ و بڵاو بۆوە.
“بێهرووز بووچانی” کە خەڵکی ئیلامە، لەو ڕۆمانەدا باسی ڕۆژەکانی ژیانی خۆی و بەسەر هات وژیانی بۆ پەنابەریی لە وڵاتی ئوستڕالیادا کردوە.
بووچانی بە نووسین و بڵاوکردنەوەی ئەو کتێبە، توانی خەڵاتی “ویکتۆریا” بە دەست بێنێ و دوای ئەو خەڵاتە بوو بە براوەی خەڵاتی یەکەمیی ئەدەبیی “نێوساوت وێلز” و هەروەها لە ساڵی ٢٠١٩ دا، خەڵاتی ژیاننامەی ئوستڕالیای پێبەخشرا.
شایانی باسە، “بێهروز بووچانی” نووسەر و ڕۆژنامەنووسی کورد لە دایکبووی ١٩٨٢ی زایینی ،خەڵکی ئیلامە کە لە ساڵی ٢٠١٣ وەک پەنابەر ڕووی کردە دوورگەی مانوس لە ئوستڕالیا و لە کاتێکدا دەوڵەتی ئوسترالیا ئیزنی چوونە دەرەوە لەو دوورگەیە بە ناوبراو نەدا ئەو وڵاتەی جێهێشت و ڕووی کردە وڵاتی نیوزلەندا.