ژمارەیەک لە خەڵکی شاری سەقز بە مەبەستی لێخۆشبوون لە “شایان سەعیدپوور” کە بە ئیعدام مەحکووم کراوە کۆبوونەوەیەکیان بەڕێوەبرد.
ڕۆژی دووشەممە، ١ی بانەمەڕی ١٣٩٩ی هەتاوی، ژمارەیەک لە خەڵکی شاری سەقز و چالاکانی مەدەنی بە ئامادەبوون لە گەڕەکی”سەنگبڕان” ی ئەو شارە لە کۆبوونەوەیەکدا خوازیاری لێخۆشبوون لە “شایان سەعیدپوور” زیندانی مەحکووم بە ئیعدام لە لایەن بنەماڵەی بکوژەکەوە بوون.
جێی ئاماژەیە، “شایان سەعیدپوور” وێڕای ٦ کەسی تر کە تۆمەتی هەموویان “کوشتنی بەئەنقەست”ە، بۆ جێبەجێکردنی حوکمی لەسێدارەدانیان ڕەوانەی ژووری تاکەکەسیی زیندانی سنە کراون و بۆ دوایین جار بنەماڵەکەی بۆ چاوپێکەوتن لەگەڵ کوڕەکەیان بانگهێشتی زیندانی سنە کراون.
شایانی باسە، ٢٨ی گەلاوێژی ٩٤ی هەتاوی ، “شایان سەعیدپوور” لە کاتێکدا کە تەمەنی کەمتر لە ١٨ ساڵ بوو، لە ئەنجامی شەڕ و دەمەقاڵەیەک کە بوو بەهۆی کوشتنی کەسێک بە ناوی “سلێمان ئازادی”، دەسبەسەر کراوە و لە خەزەڵوەری ساڵی ٩٧ی هەتاوی، لەلایەن لقی یەکی دادگای کەیفەریی سنە حوکمی ئیعدامی بەسەرەدا سەپا.
لە ٨ی خاکەلێوەی ٩٩ی هەتاوی ، ناوبراو لە ئەنجامی شۆڕش لە زیندانی سەقز توانی لە زیندان ڕابکا و دواتر لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ جارێکی تر دەسبەسەر کرایەوە و بۆ زیندانی سنە ڕاگوێزرا.