لە سەرەتای سەرهەڵدانی ڤایرۆسی کۆڕۆناوە تا ئێستا دڵسۆزانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە هاوکاری و خزمەتەکانیان بە خەڵک بەردەوامن.
بەپێی ئەو هەواڵانەی کە ڕۆژانە بە تەشکیلات و ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان دەگەن و ئەو ڤیدیۆ و وێنە و هەواڵانەی کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاو دەکرێنەوە، خەمخۆرانی کورد و نیشتمانی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و لە دەرەوەی وڵات بەوپەڕی هەست بە بەرپرسایەتی کردن خەریکی کۆکردنەوەی یارمەتین بۆ ئەو بنەماڵانەی کە دەسکورت و هەژار و بێکارن.
لەگەڵ دەرکەوتن و تەشەنەسەندنی ڤایرۆسی کۆڕۆنا، ئەنجومەنە مەدەنییەکان، ژینگەپارێزان و کەسانی خەمخۆر هەموو هەوڵێکیان دا بۆ ئەوەی بتوانن پێش لە تەشەنەسەندنی ڤایرۆسەکە بگرن و بە دژە گەنکردنی شەقام و کۆڵانەکان و پاکژکردنەوەی شارەکان بوونە هۆی ئەوەی کە ڤایرۆسەکە کارەساتی گەورەی لێنەکەوێتەوە و لەو بارەوە کەسانی دەوڵەمەند و دەستڕۆیشتوو هاوکار و یاریدەدەریان بوون.
دوکتۆر و پەرەستار و کارمەندانی نەخۆشخانەکان، ئەو دڵسۆزە سپی پۆشانەن کە لەو ڕێگەیەدا چەند کەسێکیان بۆ پاراستنی گیانی خەڵک بوونەتە قوربانی، بەڵام ئەوان بەردەوام لە خزمەت خەڵک دابوون و شەو و ڕۆژ دوور لە بنەماڵەکانیان گیانی نەخۆشەکان دەپارێزن و لە مەرگ نەجاتیان دەدەن.
گەنج و لاوەکانیش وەک هەمیشە ئەوەی لە توانایاندایە دەیکەن بۆ ئەوەی کە نیشتمانەکەیان لەو بەڵایە بپارێزن.
خەڵکی دڵسۆز و نیشتمانپەروەری ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەمیشە لە هەر ڕووداو و پێشهات و کارساتێکدا پێشەنگ بوون و بیر و هەستی نەتەوەیی ئەوان بۆتە هۆی ئەوەی کە هەردەم لە مەیدان دابن و بەوپەڕی خەمخۆرییەوە هاوکار و یاریدەدەری یەکتر و هاونیشتمانانیان لە هەموو بەشەکانی کوردستان بن.