وەزارەتی تەندروستیی ڕێژیم بۆ چەواشەکاری و شاردنەوەی گەندەڵییەک کە بە هاوبەشی لەگەڵ سپای پاسداران و کۆمپانیایەکی سەربە خامنەییدا ئەنجامیان دابوو بەڵگەی ساختەی خستەڕوو.
پێشت بڵاومانکردەوە کە بەپێی ڕاپۆرتێکی تەلەڤیزیۆنی” ئێران ئینترناشناڵ”چەند ناوەند و کۆمپانیای حکوومەتی وەکوو ” بونیادی بەرەکەت کە لە لایەن خامنەییەوە بەڕێوەدەبرێ و بەسیجی پزیشکی کە لە لایەن سپای پاسدارانەوە سەرپەرەشتی دەکرێ و وەزارەتی تەندروستی ڕێژیم، بۆ کڕینی کیتی کۆرۆنا لە کۆرەی باشوور تووشی کێشەبوون و دوای مشتوومڕێکی زۆر پێکەوە ڕێکدەکەون کە هاوبەش بن لە دزینی بەشە بوودجەیەک کە بۆ بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا تەرخان کراوە و لێی بێدەنگ بن.
پاش بڵاوبوونەوەی ئەو ڕاپۆرتە وەزارەتی تەندروستیی ڕێژیم بەڵگەیەکی کڕینی کیتی خستۆتە ڕوو کە ڕۆژەکەی تەنانەت بۆ بەر لەوە دەگەڕێتەوە کە کۆڕۆنا لە وڵاتی چین سەرهەڵبدا.
ئەوەش دەرخەری یەکێکی دیکە لە چەواشەکارییەکانی ناوەندەکانی رێژیمە و بەهۆی درۆ و چەواشەکاری و شاردنەوەی ڕاستییەکان کاربەدەستانی ڕێژیم هەر ڕۆژە بەڵگەیەکی ساختەیان لێ ئاشکرا دەبێ، بەلام ئەوان ڕووهەڵماڵاوانە درێژە بەو سیاسەتە دەدەن کە بە فریودانی خەڵک و بیروڕای گشتیی جیهان لە سەرەتاوە تا ئێستا هێناویانە و لەسەری بەردەوامن.