ڤایرۆسی کۆڕۆنا لەگەڵ ئەوەی کە گیانی زیاتر لە ١٦٠ هەزار کەسی ستاندوە، لە لایەکی ترەوە ژیانی خەڵکیشی لەگەڵ گرفتی گەورە بەرەوڕوو کردۆتەوە و ئابووریی جیهانی لاواز کردوە.
کۆڕۆنا لەگەڵ ئەوەی زیاتر لە نیوەی خەڵکی جیهانیی خزاندۆتە قوژبنی ماڵەکانیانەوە، لە هەمانکاتدا ڕۆژانە هەزاران کەس تووشی نەخۆشی دەکا و گیان لە کۆمەڵێک ئینسان دەستێنێ و هەر بەم هۆیەوە، ترس لە مردن خەڵکی تووشی ترس و دڵەڕاوکێ کردوە. ترس لە کۆڕۆنا بۆتە هۆی داخستنی بازاڕ و کارگەکان و ئەمەش ژیانی خەڵک و ئابووریی جیهانیی پەکخستوە.
بەشێک لە وڵاتان بەهۆی داڕمانی ئابووریی وڵات و برسیەتی و نەبوونی، ئەم چەند ڕۆژە بڕیاریان داوە کە کارگە و کارخانە و بەشێک لە بازاڕەکان بکرێنەوە. ئەمەش بۆتە جێی نیگەرانی ناوەندی تەندروستیی جیهانیی و لەو بارەوە هۆشداریی داوە و پێدەچێ بەهۆی بەریەککەوتن خەڵکێکی زۆرتر گیان لەدەست بدەن.
بەپێی ئەو ئامارانەی کە تا ئێستا بڵاوکراونەتەوە، لە جیهاندا ٢ میلیۆن و ٤٠٠ هەزار کەس تووشی ڤایرۆسەکە بوون و ئاماری مردووان لە ١٦٥ هەزار کەس تێپەڕیوە.
بەپێی ڕاپرسییەک کە لە ئێران کراوە، لە سەتا ٧٠ی دوکتۆر و پەرەستارەکانی نەخۆشخانەکانی ئێران باس لە نەبوونی پێداویستییە پزیشکییەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا دەکەن. ئەوە لە حاڵێکدایە کە حەوتووی ڕابردوو حەسەن ڕووحانی سەرۆک کۆماری ئێران ڕایگەیاند کە بۆ بەرەنگاربوونەوەی کۆڕۆنا لە هیچ پێداویستییەک کەمیمان نییە.
بەپێی ئامارە ناحکوومییەکان تا ئێستا لە ئێران ١٠ هەزار و ٤٩٢ کەس گیانیان لەدەستداوە بەڵام وەزارەتی تەندروستیی ئێران ئاماری دروستی بڵاو نەکردۆتەوە و لایەنە پێوەندیدارەکانی جیهان ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستی بە دروست نازانن.












