کارناسانی ئابووری دەڵێن کارەساتەکان لە ئێرانی پاش کۆرۆنا یەک و دوو نین، بە تایبەت کە هەناردەی نەوتی ئێران یەکجار زۆر لە کەمی داوە و نرخی نەوتیش بە شێوەی چاوەڕواننەکراو دابەزیوە. ئەم باسە لە مەجلیسی کۆماری ئیسلامیشدا جێی باس و مشتومڕ بووە.
چەند ئەندامێکی مەجلیس، کە نوێنەری شاری ڕەشت یەک لەوانە، دەڵێن ئێران لە قۆناغی پاش کۆرۆنادا بەرەوڕووی بێکاریی لەڕادەبەدەر دەبێتەوە و هەڵاوسانی ئابووری دەگاتە ئەوپەڕی خۆی. “سندووقی نێودەوڵەتیی دراو”یش دەڵێ ئەو نیگەرانییە لەجێی خۆیدایە و ئابووریی ئێران سەتا 6 چووکتر دەبێتەوە.
“ئیمەنئابادی”، ئەندامی کۆمیسیۆنی بەرنامە و بودجەی مەجلیس پێی لەوە ناوە کە ئێران وڵاتێکە ئابوورییەکەی لەوپەڕی لاوازیدایە و بێتوو دەوڵەت لەنێوان سڵامەتیی گشتیی کۆمەڵگە و ئەم ئابوورییەدا هاوسەنگییەک دروست نەکا، کارەساتی گەورە ڕوو دەدەن. سەرۆکی فڕاکسیۆنی وەلایی لە مەجلیس ڕەخنەی لەو کەمە زیادکردنەی مز و حەقدەستی کرێکاران گرتوە و ئەمەی بە بڕیاڕێکی ئیحساسی و هەڵە داناوە کە ڕاوەستان و لەکارکەوتنی کارگە و یەکە بەرهەمهێنەرەکانی لێ دەکەوێتەوە!