کۆمەڵێک لە پزیشکە بەناوبانگەکانی ئێران لە نامەیەکی سەرئاوەڵادا ڕوویان کردۆتەوە وەزیری بێهداشت و پێیان گوتوە بۆ بەزاندنی کۆرۆنا ڕێکاری عەقڵانی و کارناسانە بگرنە بەر و لەو پێوەندییەدا واز لە ڕوانگەی ئیدۆلۆژیک و دوگمی دەسەڵات بێنن.
لەو نامەیەدا کە 70 پزیشک ئیمزایان کردوە باس لە پێویستیی بەربەرەکانی لەگەڵ خوڕافە و پەرەپێدانی قسە و بۆچوونی ناڕاست و هەروەها، شەفافییەت و وەڵامدەربوونی هەموو وەزارەتخانەکان و ستادی نیشتمانیی بەرەوڕووبوونەوە لەگەڵ کۆرۆنا کراوە. ئەوان دەڵێن پرس و بابەتە کۆمەڵایەتییەکان چارەسەری کۆمەڵایەتی پشتئەستوور بە بنەمای زانستییان هەیە، بەڵام بەدرێژایی ساڵانی ڕابردوو بۆچوونی پسپۆڕانە و کارناسانە بۆ بۆچوونە دوگم و ئیدۆلۆژیکییەکان کە هەمووی لەپێناو بەرژەوەندیی گرووپێک و کەمایەتییەکی دەسەڵاتدارە، وەلا نراوە.
پێش بڵاوبوونەوەی ئەم نامەیە، خامنەیی، ڕێبەری کۆماری ئیسلامی لە پەیامی ڤیدیۆیی خۆی لەپێوەندی لەگەڵ بڵاوبوونەوەی کۆرۆنادا گوتبووی کە نەیارانی ئێران لە ئینسان و جندۆکەوە دەستیان داوەتە دەستی یەک هەتا بەگژ کۆماری ئیسلامیدا بچن!