نوێنەری خامنەیی لە پارێزگای گیلان ڕایگەیاند، دوژمن دەیهەوێ بە بیانووی کۆرۆناوە مانگی ڕەمەزانمان لێ تێکبدات.
ڕۆژی ٣٠ خاکەلێوە “ڕەسووڵ فەلاحەتی” نوێنەری خامنەیی لە پارێزگای گیلان ڕایگەیاند کە دوژمن دەیهەوێ لە پەتای کۆرۆنا کەڵک وەربگرێ و ئیمان و باوەڕی خەڵک بە مەزهەب و ڕێوڕەسمە مەزهەبییەکان کەم بکاتەوە، بەڵام سەربازانی ئیمامی زەمان زیندوون و هەرکەس لە مانگی ڕەمەزاندا لە بەرچاوی خەڵکەوە شت بخوا بە توندی سزا دەدرێ.
ناوبراو وەکوو نەریتی کۆماری ئیسلامی و بە لاساییکردنەوە لە خومەینی و خامنەیی ڕوونی نەکردەوە کە مەبەستی لە دوژمن کێیە کە دەیهەوێ خەڵک ڕۆژوو نەگرن بەڵام هەڕەشەی لەو خەڵکانە بوو کە ڕۆژوو ناگرن .
لە کاتێکدا کە دەوڵەتانی جیهان بە هەموو شێوەیەک لە فکری پاراستن و سڵامەتی گیانی خەڵکی وڵاتەکانیاندان، کاربەدەستە دواکەوتووەکانی کۆماری ئیسلامی بێ گوێدانە گیانی ئینسانەکان خەریکی چەواشەکاری و هەڕەشە لە خەڵکی ئێرانن.