نوێنەرێکی مەجلیسی ڕێژیم ڕایگەیاند کە دوای کۆرۆنا یەک میلیون کەس لە ئێران بێکار دەبن و ئابووریی ئێران بە تەواوی دادەڕمێ.
“غوڵامعەلی جەعفەرزادە” نوێنەری دەورەی تازەی مەجلیسی ڕێژیم لە وتووێژێکدا لە گەڵ هەواڵدەریی ئیلنا کە ڕۆژی شەممە ٣٠ی خاکەلێوەی ٩٩ی هەتاوی بڵاوکرایەوە ڕایگەیاند، پەتای کۆرۆنا لە هەر بوومەلەرزەیەک و لەهەر لافاوێک زیانەکانی زۆرترە و ئێران تووشی داڕمانێکی سەیرو سەمەرەی ئابووری دەبێ و لانیکەم یەک میلێون بێکار بە بێکارانی ئێرانەوە زیاد دەبن و، ڕێژەی بێکاران بەمجۆرە دەگاتە سەرووی ٧ میلێون کەس و ئابووری زۆربەی بنەماڵەکانی دیکەش کز دەبێ و هەر بۆیە چاوەڕوانیی مەترسییەکی جیددی لە سەرهەڵدانی ئاژاوە و پشێوی و زیادبوونی تاوان لە ئیراندا دەکرێ.