“دۆناڵد ترامپ” ڕۆژی شەممە ٣٠ی خاکەلێوەی ٩٩ی هەتاوی لە لێدوانێکدا لە کۆشکی سپی ڕایگەیاند کە ئێمە باشترین کارمان کرد کە لە ڕێککەوتنی ناوکی لە گەڵ کۆماری ئیسلامی کشاینەوە، بەڵام “جان کێری” کارێکی گەمژانەی کرد کە ١٥٠ میلیارد دۆلاری دا بە ئەو ڕێژیمە.
ترامپ لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا لە کۆشکی سپی ڕایگەیاند کە کۆماری ئیسلامی ڕەفتارەکانی گۆڕیوە و ئەگەر ئێمە نەباین ئێستا هەموو ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستی داگیرکردبوو، بەڵام ئێستا کەوتۆتە قۆناغێکەوە کە خوازیارە لە گەڵمان دانیشێ و وتووێژ بکا بەڵام نایهەوێ بە ئاشکرا داوای دانووستان بکا و لە باسکردنی شەرم دەکا. ناوبراو هەروەها جارێکی دیکە وتی ئەمریکا ئامادەیە بۆ پشتیوانی خەڵکی ئێران و بۆ بەرەنگاربوونەوەی کۆڕۆنا هەموو پێداویستییەک بۆ ئێران بنێرێ بەڵام بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی قبووڵی ناکەن.
جێگای ئاماژەیە کە “لێن کۆڤسکی” ڕاوێژکاری سەرەکیی پۆمپێئۆ لە تویتێکدا نووسی کە هەر چەند ڕۆژ جارێک محەممەد جەواد زەریف بۆ ڕاکێشانی هەست و سۆزی وڵاتان باسی مێژووی ئێران دەکا لە حاڵێکدا ئەو مێژووە هیچ پێوەندییەکی بە کۆماری ئیسلامییەوە نییە.












