بەهۆی بەکارهێنانی ئەلکۆلی دەسکرد ژمارەی قوربانیان بۆ زیاتر لە ٧٠٠ کەس بەرزبۆوە.
بە پێی سەرچاوەکانی هەواڵ کە زیاتر لە ٧٠٠ کەس بەهۆی بەکارهێنانی ئەلکۆلی دەسکرد بۆ پێشگیری لە ڤایرۆسی کۆرۆنا گیانیان لەدەست داوە، لە لایەکی ترەوە زانکۆی زانستیی پزیشکیی ورمێ هەواڵی ژەهراوی بوونی ٣٠ کەس و گیان لەدەستدانی ٦ کەسی تری بەم هۆیەوە بڵاوکردەوە.
“باقر بەهرامی” بەرپرسی ئۆرژانسی پزیشکیی زانکۆی زانستیی پزیشکی ورمێ، ڕۆژی شەممە، ٣٠ی خاکەلێوە، بە بڵاوکردنەوەی ئەم هەواڵە ئاماژەی بەوە داوە کە ئەو ئامارە لە مانگی ڕەشەمەی ١٣٩٨ی هەتاویەوە تاوەکوو ئێستا تۆمار کراوە.
هەروەها ناوبراو ئاماژەی بەوە داوە کە سێ لەو کەسانەی ژەهراوی بوون ژنن و سێ کەسی تریشیان پیاون کە شاری ورمێ بە ژەهراوی بوونی ١٣ کەس زۆرترین ئاماری ژەهراویبوونی هەیە.
جێی ئاماژەیە، ٢٥ی خاکەلێوەی ١٣٩٩ی هەتاوی، وتەبێژی تەندروستیی ئێران ژمارەی قوربانیانی بەکارهێنانی ئەلکۆلی دەسکردی بە زیاتر لە ٧٠٠ کەس ڕاگەیاند و گوتی لەوانەیە ژمارەی گیان لەدەستدان لە ڕۆژانی داهاتوو بەرزتر ببێتەوە.
شایانی باسە لەگەڵ بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لەنێو خەڵکدا و بیستنی ئەوەی کە خواردنەوەی ئەلکۆل پێش بە تووشبوونی ڤایرۆسی کۆرۆنا دەگرێ، ئەلکۆلی دەسکردیان خواردۆتەوە کە بەهۆیەوە زۆر کەس ژەهراوی بوونە و هەندێکیان گیانیان لەدەست داوە.