بە هۆی پێبەند نەبوون بە یاساکانی وڵاتەکەی لە لایەن خوێندکارانی ئێرانییەوە، وڵاتی مەجارستان ١٤ خوێندکاری ئێرانی لە ولاتەکەی دەرکرد.
بە پێی هەواڵێک کە وەزارەتی دەرەوەی مەجارستان لە لاپەڕەی فەرمی وەزارەتەکەیدا بڵاوی کردۆتەوە، ڕۆژی پێنج شەممە ٢٨ی خاکەلێوەی ٩٩ی هەتاوی، بە هۆی پێبەند نەبوون بە ڕێنماییە تەندروستییەکانی وڵاتەکەیەوە سەرەڕای داوای محەممەد جەواد زەریف لەو وڵاتە بۆ پێداچوونەوە بە بڕیارەکەیاندا، ١٤ خوێندکاری ئێرانی لە وڵاتەکەی دەرکردووە.
شایانی باسە کە پاش ئەوەی کە کۆماری ئیسلامیی ئێران هەواڵەکانی تایبەت بە پەرەسەندنی ڤایرۆسی کۆڕۆنای لە ئێران سانسۆرکرد و ئەمەش بێجگە لە تووشبوونی خەڵکی ئێران بەو ڤایرۆسە، ئێران بوو بە هۆکاری بڵاوبوونەوەی زیاتری کۆڕۆنا لە وڵاتانی دیکەدا و بە تایبەت وڵاتانی دەورووبەر و وایکرد کە ئێرانییەکان لە و وڵاتانە دەربکرێن.
جێگای ئاماژەیە کە چەند ڕۆژ پێشتریش ١٨٦ کەس لە ڕووسیەوە بە فڕۆکەی ماهان نێردراونەتەوە بۆ ئێران.












