کۆمەڵەی پسپۆڕانی فیزیکی ئێران ڕایگەیاند کە ئەوەی سپای پاسداران وەکوو کەرەستەی ئاشکراکردنی ڤایرۆسی کۆرۆنا ناوی دەبا لە شەڕی جیهانی دووەمدا بۆ هەڵگرتنی مین کەڵکیان لێوەردەگرت.
پاش ئەوەی سپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی ڕایگەیاند کە ئامێرێکیان سازکردووە کە لە پینج خولەکدا ڤایرۆسی کۆرۆنا ئاشکرا دەکا و ناوەکەشی لە قورئان وەرگیراوە و بە ناوی “مۆستەعان” ناودێرکراوە، پسپۆڕانی کۆمەڵەی فیزیکی ئێران لە ڕاگەیەندراوێکدا ئەو کارەی سپای پاسدارانی بە گاڵتەجاڕی وەسف کرد و گوتی: “ئەوە زیاتر لە کەرەستەی کایەی منداڵان دەچێ تا ئامێرێکی زانستی”.
هەروەها لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە کە ئەو پاساوانەی کە سپا دەیهێنێتەوە زۆرتر خەیاڵیین و دوورن لە زانست و ئەو ئامێرەش لە شەڕی دووهەمی جیهانییدا بۆ هەڵگرتنی مین کەڵکی لێوەرگیراوە.