ناوەندی پارێزەرانی ئورووپا بە هۆی مەترسی کۆرۆناوە داوای ئازادکردنی پارێزەرە زیندانییەکانی زیندانەکانی ئێران دەکا.
ناوەندی پارێزەرانی ئورووپا کە نوێنەرایەتی زیاتر لە یەک میلیۆن پارێزەر لە ٤٥ وڵاتی ئورووپاییدا دەکا، لە نامەیەکدا بۆ حەسەن ڕۆحانی سەرۆک کۆماری ئێران وێڕای ئاماژە بە مەترسی پەتای کۆڕۆنا و دۆخی زیندانەکانی ئێران و چارەنووسی بەندکراوان و بە تایبەت پارێزەرانی ئێرانی کە لەسەر بیرو باوەڕی سیاسی دەسبەسەرکراون داوای لە ناوبراو کردووە کە پارێزەرە زیندانییەکان ئازاد بکا.
شایانی باسە کە دەیان جار لە لایەن ڕێکخراوە نێودەوڵەتی و ئێرانییەکانی مافی مرۆڤ و بنەماڵەی زیندانییانی سیاسی و مەدەنی وچالاکانی مەدەنی نێوخۆ و دەرەوەی ئێرانەوە داوا لە بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی کراوە کە بە هۆی مەترسی کۆڕۆنا لەسەر گیانی زیندانییەکان و بەتایبەت زیندانییانی سیاسی و مەدەنی فەرمانی ئازادکردنیان بدرێ بەڵام تا ئێستاش کۆماری ئیسلامی هەموو ئەو داواکارییانەی ڕەت کردۆتەوە.












