وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە توییتێکدا دەڵێ: “ماوەی ١٠٠ڕۆژ بەسەر خستنەخوارەوەی فڕۆکە ئۆکراینییەکەدا تێدەپەڕێ و داوا لە کۆماری ئیسلامیی ئێران دەکەین سندووقی ڕەشی فڕۆکەکە ڕادەست بکا”.
“مۆرگان ئۆرتێگاس” وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، ڕۆژی ٢٩ی خاکەلێوەی ٩٩ی هەتاوی لە تویتێکدا نووسی: “ماوەی١٠٠ ڕۆژ بەسەر خستنەخوارەوەی فڕۆکەی “پی ئێس ٧٥٢”دا تێدەپەڕێ کە لە لایەن کۆماری ئیسلامییەوە خرایە خوارەوە و بوو بەهۆی گیانلەدەستدانی ١٧٦کەس کە کۆماری ئیسلامی تا ئێستاش سندووقە ڕەشەکەی ڕادەستی هیچ وڵاتێک نەکردووە”.
ناوبراو هەروەها دەڵێ، جارێکی دیکە سەرەخۆشی خۆمان ئاڕاستەی بنەماڵەی گیانلەدەستدانی ئەو ١٧٦ کەسە بێتاوانە دەکەین و واباشترە کە کۆماری ئیسلامی سندووقەکە ڕادەست بکا و لەوە زیاتر ئازاری بنەماڵەی ئەو کەسانە نەدا کە کەسوکارەکەیان لە فڕۆکەکەدا گیانیان لەدەست دا.
شایانی باسە کە ١٠٠ ڕۆژ پێش سپای پاسدارانی کۆماری ئیسلام ی ئێران بە ئەنقەست بە دوو مووشەک فڕۆکەیەکی مەدەنی ئۆکراینی کردە ئامانج و ١٧٦ کەس گیانیان لەدەست دا و تا ئێستاش سندووقی ڕەشی فڕۆکەکەی ڕادەستی هیچ وڵاتێک نەکردووە و باس لەوەش دەکرێ کە لە گەڵ ئۆکرایندا ڕێککەوتنی ژێربەژێر کرابێ بۆ پەردەپۆشکردنی بابەتەکە.












