ناوەندەکانی ڕێژیمی ئاخوندی بە تایبەت ناوەندەکانی تایبەت بە خامنەیی بۆ گەندەڵی و دزی زیاتر تووشی کێشە و دەمەقاڵێ دەبن.
بەپێی ڕاپۆرتێکی تەلەڤیزیۆنی” ئێران ئینترناشناڵ”، چەند ناوەند و کۆمپانیای حکوومەتی وەکوو” بونیادی بەرەکەت” کە لە لایەن خامنەییەوە بەڕێوەدەبرێ و بەسیجی پزیشکی کە لەلایەن سپای پاسدارانەوە سەرپەرەستی دەکرێ و وەزارەتی تەندروستیی ڕێژیم، بۆ کڕینی کیتی ئاشکراکردنی کۆڕۆنا لە کۆرەی باشوور تووشی کێشە بوون و دوای مشتوومڕێکی زۆر پێکەوە ڕێککەوتوون کە هاوبەش بن لە دزینی بەشە بوودجەیەک کە بۆ کۆڕۆنا تەرخان کراوە و لێی بێدەنگ بوون.
ڕاپۆرتەکە دەڵی ئەو کیتانەی کە لە کۆرەی باشوور بە ٢٥ هەزار تمەن کڕاون لە ئێران بە ٦٠ هەزار تمەن دەفرۆشرێنەوە و ناوەندە حکوومەتییەکانی کۆماری ئیسلامی و خودی خامنەیی و تەنانەت وەزارەتی تەندروستی لەم قەیرانەی کۆرۆنادا تەنیا لە بیری پڕکردنی گیرفانی خۆیاندان و لەسەر گیانی خەڵکیش دزی دەکەن.
ئەوە لە حاڵێکدایە کە بەردەوام گەمارۆکانی ئەمریکا بە هۆکاری گرانی و کەمبوونی دەرمان و کەرەستەی پزیشکی ناودەبەن.
شایانی باسە کە پارەی کۆمپانیا کۆرەییەکەشیان نەداوە و ئەوەش کۆمپانیا کۆرەییەکەی نیگەران کردووە.