بەپێی ئەزموونی چالاکان و خەمخۆرانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ئەمجارەش وەک جارانی ڕابردوو بە هەست بەبەرپرسایەتیکردن لە بەرانبەر نیشتماندا ئەرکی ئینسانی و نیشتمانیی خۆیان بەجێ گەیاند.
چالاکانی مەدەنی، ژینگەپارێزان، دوکتۆر وپەرستارەکان و کەسانی دڵسۆز و دەستڕۆیشتوو ئەمجارەش لە هەرەوەزێکی نیشتمانییدا بۆ بەرەنگاربوونەوەی پەرەسەندنی ڤایرۆسی کۆڕۆنا، لەژێر ناوی کەمپەینی جۆراوجۆردا هەوڵەکانی خۆیانیان لە نیوخۆ و دەرەوەی وڵات دەست پێکرد و لە سەرەتای سەرهەڵدانی ڤایرۆسەکەدا تا ئێستا بێ پسانەوە و بێ ماندووبوون لە بەجێگەیاندنی ئەرکە نیشتمانیەکانیان بەردەوامن.
خەمخۆرانی نیشتمان ئەمجارەش خۆڕسکانە هاتنە مەیدان و لە سەرەتاوە تا ئێستا یارمەتی هەزاران کەس لە هەژاران و خەڵکی کەم داهاتیان کردووە، پووڵ و خواردەمەنییان بۆ کۆکردوونەوە و بەشێکی تر لە کەسانی خۆبەخش و ژینگەپارێز بە هەوڵێکی بێوچان خەریکی دژەگەنکردنی شەقام و کۆڵانەکانی گوند و شارەکانی کوردستانن. لەگەڵ ئەوەی کە دەوڵەت پشتیوانی لێ نەکردوون و یارمەتیدەریان نەبووە، بەڵام ئەوان توانیویانە تا حەددێکی زۆر پێشگری لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە بکەن و گیانی خەڵک لە مردن ڕزگار بکەن.
ئەم هەوڵەی چالاکان و دڵسۆزان بۆتە ئەزموونێکی باشی خۆبەڕێوەبەری و ئامادە بوون بۆ ئەگەری هەر کارەسات و پێشهات و ڕووداوێک لە داهاتوودا و لە هەمان کاتدا جێگەی ڕێز و پێزانینی خەڵکی کوردستانە.











