ڤایرۆسی کۆڕۆنا بەهۆی قەرەنتینە و بێکارییەوە زۆر لە وڵاتانی لەگەڵ کێشەی ئابووری و دارایی بەرەوڕوو کردۆتەوە.
لەگەڵ ئەوەی کە تا ئێستاش قەرەنتینە بەردەوامە و ئابووری جیهانی تووشی کێشە و گرفت کردووە، هێندێک لە وڵاتانی جیهان لەوە زیاتر نەیانتوانی کارگە و کارخانەکانیان دابخەن، هەر بۆیە بڕیاریاندا کە بەشێک لە کارخانەکان کارەکانیان دەست پێبکەنەوە.
بۆ پێشگیری لە ڤایرۆسی کۆڕۆنا و هاوکاری وڵاتانی کەم داهات، دەوڵەتی ئەمریکا بڕیاریدا کە بڕی ٥٠٨ میلیۆن دۆلار یارمەتی ١٠٠ وڵاتی جیهان بکات.
لەنێو ئەو وڵاتانەدا هاوسێکانی ئێران وەک عێراق، ئەفغانستان، سووریە، تورکیە، ئۆردۆن، پاکستان، ئەرمەنستان و ئازەربایجان دەبیندرێن بەڵام ئەو هاوکاری و یارمەتییە بەهۆی قین لەدڵی و سیاسەتی هەڵەی کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی، وڵاتی ئێران ناگرێتەوە . بەپێی وتەی کاربەدەستانی ئەمریکایی دەوڵەتی ئەمریکا خوازیاری هاوکاری خەڵکی ئێرانە بەڵام کۆماری ئیسلامی کۆسپی سەر ڕێگەی ئەو هاوکاریانەیە و ڕێگە نادا یارمەتی ئەمریکا بە خەڵکی ئێران بگا.
لەگەڵ ئەوەی کە کۆڕۆنا بازاڕ و کار و کاسبی ڕاگرتوە و لە ئێران هەزاران کەس بە نەخۆشیی کۆڕۆنا گیانیان لەدەستداوە، لەنێو وەزارەتی تەندروستیی ئێران گەندەڵییەکەی دەرکەوتووە و کاربەدەستانی دز و تاڵانچی لەو وەزارەتەدا دزییەکی دیکەیان لێ ئاشکرا بووە. سپای پاسداران و سەرۆکی لێژنەی بەرەنگاربوونەوەی کۆڕۆنا لە ڕێگەی کۆمپانیایەکی نزیک لە سپای پاسداران لەگەڵ کۆمپانیایەکی “کورە”یی ڕێککەوتوون کە کیتی کورەیی بە ٢٥ هەزار تمەن بکڕن، بەڵام بە ٦٠ هەزار تمەن بە خەڵکی بفرۆشنەوە.
بەپێی ئەو ئامارانەی کە تا ئێستا بڵاوکراونەتەوە ٢ میلیۆن ٢٣١ هەزار و ٧٩٢ هەزار کەس تووشی ڤایرۆسی کۆڕۆنا بوون و ١٥٣ هەزار و ٢٤٥ کەس گیانیان لەدەستداوە و ٥٦٨ هەزار و ٤٠٩ کەسیش چاکبوونەتەوە.












