وتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی ئێران ڕایگەیاند کە ئەو ئامێرەی سپای پاسداران کە بۆ ڤایرۆسی کۆڕۆنا بەکاری دێنێ، لەلایەن وەزارەتەوە کاراییەکەی پشتڕاست نەکراوەتەوە.
چەند ڕۆژ لەمەوبەر”حوسێن سەلامی” فەرماندەی سپای پاسداران بە شانازیی و لەخۆبایی بوونەوە ڕایگەیاند کە کارناسانی سپا و بەسیج بە هەوڵێکی زۆر توانیویانە ئامێریک بە ناوی “مستعان” بەرهەم بێنن کە لە ماوەی پێنج چرکەدا لە مەودای ١٠٠ میترییەوە هەر جۆرە ڤایرۆسێک ئاشکرا دەکا، ئەو هەوڵەی بیرمەندانی سپای پاسدارانی بە سەرسوڕهێنەر لە قەڵەمدا و بۆ رێکلام و خۆهەڵکێشان لەبەر کامێراکانی کۆماری ئیسلامی ئامێرەکەیان تاقیکردەوە بەڵام هیچ ئاکامێکی نەبوو و هیچ ڤایرۆسێکی پێشان نەدا.
“کیانووش جەهانپوور”، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی ئێران لە وەڵامی ڕۆژنامەی ئاناتۆلی تورکیەدا ڕایگەیاند کە ئەو ئامێرەی سپای پاسداران دروستی کردووە، لەلایەن وەزارەتی تەندروستییەوە تەئید نەکراوە.
شایانی باسە کە سپای پاسداران پێشتریش ئەو ئامێرەیان بۆ کارێکی تر بەکارهێناوە و ڕێکلامیان بۆ زانایی و توانای هێزەکانی سپا و بەسیج بە ئامیرە سێحراوییەکەوە کردبوو و لەوێشدا سەرکەوتنی بەدەست نەهێنابوو.