کۆڕۆنا لەگەڵ ئەوەی کە هەموو جیهانی داگرتووە و بۆتە مەترسییەکی گەورە بۆ سەر ژیانی خەڵک، بەڵام تا ئێستا چارەسەرێکی بۆ نەدۆزراوەتەوە و بەوهۆیەوە ڕۆژانە بە کۆمەڵ خەڵک گیان لەدەست دەدەن.
بەپێی ئەو ئامارانەی کە تا ئێستا بڵاوکراونەتەوە، ٢ میلیۆن و ١٧ هەزار و ٨١٠ کەس تووشی ڤایرۆسی کۆڕۆنا بوون و لەوانەش ١٢٨ هەزار و ٤١ کەس گیانیان لەدەستداوە و بەشێکیش لە خەڵک کە تووشی ڤایرۆسەکە بوون باری تەندروستییان جێگیرە و چاکبوونەتەوە.
لەگەڵ ئەوەی کە “دۆناڵد تڕامپ” سەرۆک کۆماری ئەمریکا ڕایگەیاند ڤایرۆسی کۆڕۆنا لە ئەمریکا گەیشتۆتە لووتکە و بڕیاری قەرەنتینە هەڵدەوەشێتەوە، بەڵام دەوڵەتی فەڕانسە بۆ ماوەی یەک مانگ ماوەی قەرەنتینەی درێژکردەوە و کاربەدەستانی ئەفغانیش ڕایانگەیاند کە ژمارەی تووشبووان بە کۆڕۆنا ڕۆژانە دووبەرابەر زیاد دەکا.
لە ئێران لەگەڵ ئەوەی کە جارێ کۆڕۆنا هەر لە حاڵی تەشەنەسەندندایە، بەڵام بە فەرمانی دەوڵەت زۆربەی کارگە و کارخانەکان دەستیان بەکار کردۆتەوە. لەگەڵ ئەوەی کە لێژنەی توێژینەوەی مەجلیس ڕایگەیاند کە تا ئێستا ٨٠٠ هەزار کەس تووشی ڤایرۆسەکە بوون، بەڵام وەزارەتی تەندروستی ئاماری نزیک بە ٧٦ هەزار کەسی ڕاگەیاندووە کە بەوپێیە ئامارەکان زۆر جیاوازن و وەزارەتی تەندروستیی ئێران ئاماری ڕاست و دروست بە خەڵک ڕاناگەیەنێ.
لەگەڵ ئەوەی کە حەسەن ڕوحانی ڕایگەیاند نەخۆشخانەکانمان هیچ کەمووکوڕییەکیان نییە و هەموو ئیمکاناتی پێویست بۆ پێشگیری لە کۆڕۆنا دابین کراوە، بەڵام ناوەندی نیزام پزیشکیی ئێران ڕایگەیاند کە زۆربەی ئەو دوکتۆر و پەرستارانەی بە ڤایرۆسی کۆڕۆنا گیانیان لەدەست داوە، بەهۆی بێ ئیمکاناتی بووە و کەلوپەلی پێویستی خۆپاراستنیان لەبەردەستدا نەبووە.
“عەلیڕەزا ڕەئیسی” جێگری وەزیری تەندروستیی ئێرانیش ڕایگەیاند کە ئاماری تووشبووان بە کۆڕۆنا زیاترە لەو ئامارە ڕەسمییەی حکوومەت. قسەکانی ناوبراو لە کاتێکدایە کە بەهۆی بڵاوکردنەوەی ئاماری تووشبووان کە جیاواز بووە لە ئاماری ڕەسمیی حکوومەت، ٤ کەس لە کاربەدەستانی ئەو وەزارەتە لەسەر کارەکانیان وەلانراون.












