خاتوو “زینەت ترینە” دایکی شەهید “سوغرا ئەمینی” و تێکۆشەری حیزبی دێموکراتی کوردستان “ڕەزا ئەمینی” کۆچی دوایی کرد.
ڕۆژی سێشەممە ٢٦ی خاکەلێوەی ١٣٩٩ی هەتاوی، خاتوو “زینەت ترینە”، دایکی شەهید “سوغرا ئەمینی” و کاک “ڕەزا ئەمینی” ناسراو بە “ڕەزا قەباکەندی” پێشمەرگەی دێرینی حیزبی دێموکراتی کوردستان، لە شاری بۆکان بەهۆی نەخۆشی کۆچی دوایی کرد.
خاتوو زینەت کە ماوەی دوو ساڵ بوو لە دوورە وڵاتی و لە شاری قەیسەریی وڵاتی تورکیە دەژیا و مانگێک بەر لە کۆچی دوایی و بەهۆی نەخۆشییەوە گەڕابووەوە بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان، دایکێکی دڵسۆز و ژنێکی لێهاتوو و ئازار دیتوو و نیشتمانپەروەر بوو، لە سەختترین بارودۆخدا سەردانی کوڕە پێشمەرگەکەی دەکرد و شیو و دۆڵ، شاخ و کێوی وڵاتی بۆ دەپێوا.
لەگەڵ ئەوەدا زۆر جاریش کەوتە بەر ئازار و ئەشکەنجەی هێزەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران، کەچی هەر کۆڵی نەدا و بە ئاواتی لە باوەشگرتنەوەی کوڕی پێشمەرگەی و ئازادی کوردستان و وەدیهاتنی خەونە لەمێژینەکانی نەتەوەکەی سەری نایەوە و لە زێدی خۆی واتە گوندی “قەباکەندی”ی ناوچەی چۆمی مەجیدخان بە خاکی پیرۆزی نیشتمان سپێردرا.
شایانی باسە، خاتوو سوغرا ئەمینی کچی خاتوو زینەت، ساڵی ١٣٦١ی هەتاوی لە کوشتاری خەڵکی بێتاوانی گوندەکانی سەرچنار و قەرەگۆل و سەوزی بە دەستی هێزە جینایەتکارەکانی کۆماری ئیسلامی شەهید بوو.
لە لایەن ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان سەرەخۆشی خۆمان ئاڕاستەی بنەماڵەی خاتوو زینەت و کاک ڕەزای کوڕی و هەموو خزم و کەسوکاری دەکەین و خۆمان بە شەریکی خەمیان دەزانین.











