“میرزا حوسێن شەریفی” باوکی شەهید “ڕامین شەریفی” کۆچی دوایی کرد.
ڕۆژی چوارشەممە ٢٧ی خاکەلێوەی ١٣٩٩ی هەتاوی “میرزا حوسێن شەریفی”، باوکی شەهید “ڕامین شەریفی” لە شاری سەقز کۆچی دوایی کرد.
میرزا حوسێن شەریفی، کەسایەتییەکی خۆشناو و جێی متمانەی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان بوو.
ناوبراو لە هونەری خۆشنووسیی بەهرەمەند بوو، هەروەها کەسایەتییەکی دڵگیر، قسەخۆش و کۆمەڵایەتیی بوو. میرزا حوسێنی باوکی شەهید ڕامین تا دوایین ساتەکانی ژیانی وەک لایەنگرێکی بە بیروباوەڕی حیزبی دێموکرات، جێی متمانە و باوەڕی خەڵک مایەوە و بە هۆی ئەم خەسڵەت و تایبەتمەندییە بەرزانەوە، وەک باوکی تێکۆشەرێکی ڕێگای کوردایەتی و پێشمەرگەی حیزبی دێموکرات، بەردەوام لە ژێر فشار و هەڕەشەی ناوەندە ئەمنیەتییەکانی ڕێژیمدا بوو.
خوالێخۆشبوو میرزا حوسێن، دوای ئێعدامکردنی کوڕەکەی، چەند جار سەردانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی کرد کە هەمیشە لە لایەن ڕێبەریی حیزب، بەتایبەت کەسایەتیی ناوداری کورد و حیزبی دێموکرات، مامۆستا عەبدوڵڵا حەسەنزادەوە بە گەرمی پێشوازی لێ دەکرا.
شەهید ڕامینی کوڕی میرزا حوسێن، کادری حیزبی دێموکرات، دوای ئەوەی لە ئاکامی بەڕێوەبردنی ئەرکێکی حیزبی لە لایەن هێزە بەکرێگیراوەکانی ڕێژیمەوە دەستبەسەر کرا، ۱٥ی سەرماوەزی ١٣٨٢ی هەتاوی لە زیندانی شاری سەقز ئێعدام کرا.
لە لایەن ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە سەرەخۆشی خۆمان ئاڕاستەی بنەماڵەی میرزا حوسێن و هەموو خزم و کەسوکاریان دەکەین و خۆمان بە شەریکی خەمیان دەزانین.











