١٠٠ کەس لە کارمەند و بەرپرسانی شارەوانیی ئەهواز لە گەندەڵی و دزییەوە گلاون و ٦ کەسیان لەسەر کارەکانیان هەڵپەسێردراون.
“محەممەد گراوەند” جێگری دادستێنی دادگای گشتی و شۆڕشی شاری ئەهواز، ڕۆژی سێشەممە ٢٦ی خاکەلێوەی ٩٩ی هەتاوی، ڕایگەیاند کە ١٠٠ کەس لە دزی و گەندەڵی شارەوانی شاری ئەهوازدا تێوەگلاون و بەدواداچوون بۆ تۆمەتەکان دەکرێ و هەتا ئێستاش ٦ کەس لەسەر کارەکانیان هەڵپەسێردراون.
ناوبراو هەروەها وتی: “ئەو ١٠٠ کەسە لە بەشە جیاجیاکانی شارەوانی و شووڕای شاری ئەهوازن و سزاکانیشیان بە پێی جۆری گەندەڵی و تێوەگلانیان یەکسان نین و، هەرکەس بەشێوەیەک لەو گەندەڵییانەوە تێوەگلاوە.
شایانی باسە کە دزی و گەندەڵی لە کۆماری ئیسلامیدا باوە و لە خامنەییەوە دەستپێدەکا تا دەگاتە شارەوانی و شووڕای شارێک بەڵام کەسانێک سزا دەدرێن کە دزی کەمتریان کردبێ و دەسبەسەرکردن و دادگاییکردنی ئەو کەسانەش تەنیا بۆ چەواشەکردنی خەڵک و شاردنەوەی دزی و گەندەڵی دزە گەورەکانە.
بەشێکی دیکەی ئەو کەیسە دەگەڕێتەوە بۆ ئەوە کە کۆماری ئیسلامی زۆرتر ئەو کەسانە دادەمەزرێنێ و کاریان پێدەدا کە لە دەستوپێوەندەکانی خۆیان بن، ئەمەش ئەوە نیشان دەدا کە کەسانی نزیک لەو ڕێژیمە هەموویان دز و گەندەڵ و دژی گەل و وڵاتەکەیانن و لەسەر قووت و سامانی خەڵک خۆیان پێگەیاندووە.