هێزە ئینتیزامییەکان لە ئیسفەهان ٢٣ کەسیان بە تۆمەتی بڵاوکردنەوەی ئاماری تایبەت بە کۆڕۆناوە دەسبەسەر و ڕەوانەی بەندیخانەی ئەو شارە کرد.
“محەممەد حوسێن ئیسماعیلی” بەرپرسی هێزی ئینتیزامی ئیسفەهان ڕۆژی سێشەممە ٢٦ی خاکەلێوەی ٩٩ی هەتاوی ڕایگەیاند، کە لە درێژەی دەسبەسەرکردنی ئەو کەسانەی کە بە وتەی ناوبراو دەنگۆ بڵاودەکەنەوە، ٢٣ کەسی دیکەیان لە شاری ئیسفەهان دەسبەسەر کردووە کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا ئاماری تایبەت بە کۆرۆنایان بڵاوکردۆتەوە کە لە گەڵ ئاماری حکوومەت و وەزارەتی تەندروستیدا یەکناگرێتەوە.
شایانی باسە کە لە ماوەی بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا لە ئێران هەروەک ڕووداو و قەیرانەکانی دیکە حکوومەت هەوڵی پەردەپۆشکردن و شاردنەوەی ڕاستییەکانی داوە و بەردەوام لە شارە جیاجیاکاندا هەرکەس ئاماری ڕاستەقینەی بڵاوکردۆتەوە لەسەر کارەکەی لادراوە یان دەسبەسەرکراوە.
لەوپێوەندییەدا تا ئێستا سەدان کەس لە ئێراندا دەسبەسەر و چەندین دوکتور و پەرەستار و سەرۆکی زانکۆ و کارمەندی تەندروستی لە کارەکانیان دوور خراونەتەوە .