وەزیری دەرەوەی ئەمریکا “مایک پۆمپئیۆ” ڕۆژی سێشەممە ٢٦ی خاکەلێوەی ٩٩ی هەتاوی ڕایگەیاند، ئێمە بۆ هەر یارمەتییەکی مرۆڤدۆستانە بۆ خەڵکی ئیران ئامادەین بەڵام ئیزن نادەین پارە بگاتە دەستی ئاخوندەکان.
“پۆمپیئۆ” هەروەها دەڵێ کە کۆماری ئیسلامی یارمەتییە پزیشکییەکانی ئێمەی ڕەتکردەوە و پزیشکانی بێسنووریشی لە وڵاتەکەی دەرکرد، هەر بۆیە ئەوان سەرەڕای نەبوونی ژێرخانی تەندروستی پێویست لە وڵاتەکەیاندا بەشێکی زۆری سەروەت و سامانی ئەو وڵاتەیان بۆ تێرۆر وتێرۆریستان خەرج کردووە و خەرجی دەکەن، مەبەستیشیان لە هەوڵ و تەقەڵا بۆ لابردنی گەمارۆکانی سەریان و قەرزکردنی پارە لە سندووقی نێونەتەوەیی پارە تەنیا دابینکردنی پارەی تێرۆریستان و دزی و گەندەڵی خۆیانە، ئەگینا ئاخوندەکان پارەی زۆریان لایە و دەتوانن بۆ خەڵکی ئێران خەرجی بکەن نەک بۆ دابینکردنی خەرجی تێرۆریستەکان، بە تایبەت لە عێراقدا کە ڕۆژانە هێرش دەکرێتە سەر سەربازانی ئەمریکایی و پارەکەشی لە لایەن کۆماری ئیسلامییەوە دابین دەکرێ.












