“دۆناڵد ترامپ” ڕۆژی سێشەممە لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند کە بەهۆی خراپ بەڕێوەبردن و شاردنەوەی ئامارەکانی تایبەت بە کۆرۆناوە فەرمانی بڕینی بەشە بوودجەی ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی دەرکردووە.
ڕۆژی سێشەممە ٢٦ی خاکەلێوەی ٩٩ی هەتاوی، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا سەرۆک کۆماری ئەمریکا “دۆناڵد ترامپ” فەرمانی بڕینی بەشە بوودجەی ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانیی واژۆکرد و وتی: “بە هۆی بەڕیوەبردنی هەڵە و شاردنەوەی ڕاستییەکان لەسەر پەتای کۆڕۆنا و پشتبەستن بە ئامارەکانی وڵاتی چین لە لایەن ئەو ڕیکخراوە جیهانییەوە، ئاماری تووشبوون بە پەتای کۆرۆنا ٢٠ بەرابەر زیادی کردووە و بۆتە هۆی گیان لەدەستدانی هەزاران کەس لە جیهاندا هەر بۆیە شایانی ئەوە نین کە پارەی ئەمریکایان بۆ خەرج بکرێ.
شایانی باسە کە پێشتریش ئەمریکا سەرۆکی ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی بەوە تۆمەتبار کردبوو کە لە گەڵ چین هاودەستن لە شاردنەوەی ڕاستییەکانی پێوەندیدار بە پەتای کۆڕۆناوە.












