ناوەندی توێژینەوەی مەجلیسی شوڕای ئیسلامیی ئێران ڕایگەیاند کە ئاماری تووشبووان بە کۆڕۆنا لە ئێران ١٠ هێندە و ئاماری مردن دوو بەرابەر زیاترە لە ئاماری وەزارەتی تەندروستیی ئێران.
بەپێی توێژینەوە و بەدواداچوونی ناوەندی توێژینەوەی مەجلیسی شورای ئیسلامی، ئەو کەسانەی کە تا ئێستا لە ئێران تووشی ڤایرۆسی کۆڕۆنا بوون گەیشتۆتە ٦٠٠ تا ٧٥٠ هەزار کەس و ٨ هەزار و ٦٠٠ کەسیش گیانیان لەدەستداوە.
بەپێی ئەو توێژینەوە و بەدواداچوونە، ئاماری مردن و تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆڕۆنا زۆر لەوە زیاترە کە وەزارەتی تەندروستیی ئێران ڕایگەیاندبوو.
جێی ئاماژەیە کە هەر لە سەرەتاکانەوە ناوەندی تەندروستیی جیهانیی ڕایگەیاند کە ئاماری تووشبوان و مردن لە ئێران پێنج هێندەی ئەو ئامارەیە کە کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی ڕایانگەیاندووە، لەگەڵ ئەوەی کە کاربەدەستانی ڕێژیم سەرەتا ئەو قسانەیان ڕەتکردەوە بەڵام بەهۆی بەدواداچوون و گوشاری لایەنە پێوەندیدارەکان و کەسانی سەربەخۆ، پارلەمانی ئێران ناچار بوو کە بەدواداچوون بۆ ئەم دۆخە بکا و هەر بە پێی ڕاپۆرتی مەجلیسی ڕێژیم، ئاماری وەزارەتی تەندروستیی ئێران دوور بووە لە ڕاستی و بۆ جارێکی تر چەواشەکاریی خەڵک لەلایەن کاربەدەستانی ڕێژیمەوە دەرکەوت، شارەزایان پێیانوایە کە بەهۆی کەمتەرخەمییەکانی دەوڵەتی ڕوحانی جارێ ئەم ڤایرۆسە تا ٤٠٠ ڕۆژی دیکە هەر لە پەرەسەندندایە و خەڵکێکی زۆر تووشی دەبن و گیان لەدەست دەدەن.