وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ڕایگەیاند، نوێنەری تایبەتی ئەمریکا بۆ ئاشتی لە ئەفغانستان ڕۆژی دووشەممە لەگەڵ نوێنەرانی تاڵیبانی ئەفغانیدا لە دۆحەی پایتەختی قەتەر کۆدەبنەوە.
بەپێی هەواڵی هەواڵدەریی “ڕۆیتێرز” ئەم کۆبوونەوەیەی نێوان نوێنەری تایبەتی ئەمریکا “زاڵمای خەلیلزاد” و بەرپرسانی تاڵیبان دوای ئەوە دێت کە حکوومەتی ئەفغانستان نزیکەی ٣٠٠ بەندکراوی تاڵیبانی ئازاد کرد و لەلای خۆشیەوە تاڵیبان بۆ یەکەمین جار بەندکراوانی سەر بە حکوومەتی ئەفغانستانی ئازادکرد.
لە بەیاننامەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکادا هاتووە: “ڕۆژی یەکشەممە خەلیلزاد بەرەو دۆحە بەڕێکەوتووە و لەگەڵ نوێنەرانی تاڵیباندا کۆدەبێتەوە، ئەوەشی خستۆتە ڕوو ئامانج لە کۆبوونەوەکە تاوتوێکردنی ئەو کێشە و بەربەستانەیە کە لەبەردەم جێبەجێکردنی ڕێکەوتنەکەی نێوان ئەمریکا و تاڵیباندان.
بەپێی ڕێکەوتنەکەی نێوان ئەمەریکا و تاڵیبان، دەبێت هێزەکانی ئەمریکا قۆناغ بە قۆناغ لە ئەفغانستان بکشێنەوە و نزیکەی پێنج هەزار بەندکراوی تاڵیبانیش ئازاد بکرێن، هەروەها دەبێت تاڵیبان نزیکەی ١٠٠٠ دیلی سەر بە حکوومەتی ئەفغانستان ئازاد بکات.












