بەپێی هەواڵێک کە بە دەستمان گەیشتووە، ڕۆژی ٢٥ی خاکەلێوەی ١٣٩٩ ی هەتاوی خاتوو “ئامین کاشانی” لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی شاری ئۆریبرۆی سوئێد لە تەمەنی ٧١ ساڵیدا، بە هۆی نەخۆشییەوە، کۆچی دوایی کرد.
ناوبراو هاوسەری شەهید سمایل کرمانج، یەکێک لە فەرماندە ئازا و بەوەجەکانی حیزبی دیموکراتی کوردستانبوو. کاک سمایل لە کاتی فەرماندەیی لکێک لە پێشمەرگانی حیزب بە مەبەستی پارێزگاری لە گەلی کورد و خاکی کوردستان لە بەرانبەر هێرشی بێبەزییانە و دڕندانەی سپای سەرکوتکەری کۆماری ئیسلامی بۆ سەر گوندی قەڵاتانی شاری نەغەدە بریندار بوو و، لە ١٣ی خاکەلێوەی ١٣٥٩ی هەتاوی گیانی فیدای ڕێگای ئازادیی گەلەکەی کرد.
دادە ئامینە پاش شەهید بوونی کاک سمایل کرمانج، جگە لە هەڵگرتنی باری خەمی قورسی لە دەستدانی هاوسەرەکەی و تەحەممولی گوشارەکانی ڕێژیمی کۆنەپەرستی کۆماری ئیسلامی، ئەرکی بەخێوکردنی چوار منداڵیشی کەوتە سەر شان کە زۆر بە باشی گەورەی کردن، پێیگەیاندن و هەوڵیدا خەمی گەورەی بێ باوکی بە ڕوخساریانەوە دیار نەبێ.
ئاواتی گەورەی دادە ئامین تا دوا هەناسەش هەر ئازادیی کوردستان بوو، گەڕانەوە بۆ زێد و نیشتمانەکەی و ژیانێکی سەربەست و بە دوور لە چەوسانەوە لە کوردستان بوو.
ناوبراو لە ساڵی ١٣٧٨ی هەتاوی هەڵوەدای تاراوگە بوو و لە وڵاتی سوئێد دەژیا.
لەلایەن ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دیموکراتی کوردستانەوە، سەرەخۆشی خۆمان ئاڕاستەی بنەماڵە و کەسوکاری خاتوو ئامینە کاشانی لە نێوخۆ و دەرەوەی وڵات، بە تایبەتی بنەماڵەی بەڕێزی کرمانج و کاشانی دەکەین و خۆمان بە شەریکی خەمیان دەزانین.











