وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دەڵێ: “هیچ ڕێگرییەک لە هەمبەر هەناردەکردنی دەرمان و کەرەستەی پزیشکی بۆ ئێران نییە، بەڵام هەوڵەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ لابردنی گەمارۆکان بە مەبەستی وەدەستهێنانی پارەیە بۆ هاوکاری تێرۆریستان و کردەوەی تێرۆریستی .
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد کە ئێمە هیچ کێشەیەکمان لەگەڵ خەڵکی ئێران نییە و قسەکانی دۆناڵد ترامپی بە نموونە هێنایەوە کە گوتبووی ئێمە ئێرانییەکانمان خۆشدەوێ و ئەوانیش ئەمریکایان خۆشدەوێ و، ئامادەین باشترین دوکتۆرەکانمان بنێرین بۆ ئێران بۆ پارێزگاریکردن لە خەڵکی ئێران.
لەو ڕاگەیەندراوەدا هەروەها هاتووە کە کۆماری ئیسلامی یارمەتییەکانی ئێمەی ڕەتکردەوە و پزیشکانی بێسنووریشی لە وڵاتەکەی دەرکرد، هەر بۆیە ئەوان سەرەڕای نەبوونی ژێرخانی تەندروستیی پێویست لە وڵاتەکەیاندا بەشێکی زۆری سەروەت و سامانی ئەو وڵاتەیان بۆ تێرۆر و تێرۆریستان خەرج کردووە و خەرجی دەکەن، مەبەستیشیان لە هەوڵ و تەقەڵایە بۆ لابردنی گەمارۆکانی سەریان تەنیا پارەیە بۆ دابینکردنی خەرجی و پێداویستییەکانی تێرۆریستان و دەستوپێوەندەکانیان لە جیهان و ناوچەکەدا.












