لە هەمبەر بڵاوکردنەوەی ئاماری ڕاستەقینەی کۆرۆنا، لە لایەن وەزارەتی تەندروستیی ڕێژیمەوە گوشار دەخرێتە سەر دوکتور و پەرەستارەکان و کادری دەرمانییەکانی نەخۆشخانەکانی ئێران.
لە حاڵێکدا کەمتر لە دوو مانگ بەسەر ئاشکرابوونی پەتای کۆرۆنا لە ئێراندا تێدەپەڕێ و ناڕەزایەتییەکان لە هەمبەر ئاشکرانەکردنی ئاماری ڕێکوپێکی کۆرۆنادا درێژەی هەیە، هەتا ئێستا وەزارەتی تەندروستیی ڕێژیم ٤ دوکتوری بە هۆی ڕاگەیاندنی ئاماری جیاواز لە ئاماری حکوومەتی لەکارەکانیان دوورخستۆتەوە.
لە تازەترین لەسەرکارلادانی بەرپرسانی وەزارەتی تەندروستی ، حوسێن عادلی، جێگری زانکۆی پزیشکی قوم بوو کەڕۆژی یەکشەممە ٢٤ی خاکەلێوە لەسەر کارەکەی وەلانرا.
هەروەها پێشتریش سەرۆکی زانکۆی پزیشکی ئەردەبیل و سەرۆکی نەخۆشخانەی خومەینی ئەوشارە لەلایەن “سەعید نمەکی” وەزیری تەندروستیی ئێرانەوە لەسەر کارەکانیان دوور خرانەوە.
شایانی باسە کە پێشتر لەوانیش نوێنەری وەزارەتی تەندروستی لە گیلان بەهۆی ڕاگەیاندنی ئاماری جیاواز لەسەرکارەکەی لادرا.