لەگەڵ ئەوەی کە ڤایرۆسی کۆڕۆنا بەردەوام گیان لە خەڵک دەستێنێ، بەڵام هێندێک وڵات ڕێگەیانداوە یا بڕیاریانداوە کە بەشێک لە کرێکاران بگەڕێنەوە سەر کارەکانیان.
ڤایرۆسی کۆڕۆنا کە خەڵکی جیهانی لە ماڵەکانی خۆیاندا زیندانی و ئەسیر کردووە، بۆتە هۆی برسیەتی و نەبوونی و لەهەمان کاتدا خەریکە ئابووریی جیهان تووشی داڕمان دەکا. هەر بۆیە وڵاتانی وەک ئیتالیا و ئیسپانیا و ئێران و چێک و چەند وڵاتێکی تر بەشێک لە کارگەکانیان کردۆتەوە و دەیانهەوێ کرێکاران بچنەوە سەر کارەکانیان، ئەوەش بۆتە مەترسی بۆ سەر گیانی کرێکاران و خەڵکی ئەو وڵاتانە.
هێندێک لە دەوڵەتان بە هاوکاریی کردنی خەڵک دەیانهەوێ جارێ قەرەنتینە بەردەوام بێ، یەک لەوان دەوڵەتی فەڕانسەیە کە ڕایگەیاند بۆ ماوەی یەک مانگی تر قەرەنتینە درێژ بکرێتەوە و ئامادەن هاوکاریی خەڵکی وڵاتەکەیان بکەن.
لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیدا کرێکاران بەپێی فەرمانی دەوڵەت و خەڵک بەهۆی نەبوونی و برسییەتی ڕوویان لە کارگەکان و بازاڕی کار کردۆتەوە و لەو پێوەندییەدا شارەزایان هۆشدارییان داوە کە ئەمە دەبێتە هۆی کارەسات لە ئێراندا.
بەپێی ئەو ئامارانەی کە بڵاوکراونەتەوە، تووشبوانی کۆڕۆنا لە جیهان لە دوو میلیۆن کەس تێپەڕیوە و ئەو کەسانەش کە بەهۆی ڤایرۆسەکەوە گیانیان لەدەست داوە گەیشتۆتە ١٢٠ هەزار کەس. دیارە ئەم ئامارە هی ئەو وڵاتانەیە کە بەشێوەیەکی دروست ژمارەی تووشبوان و قوربانیانی کۆڕۆنا بڵاو دەکەنەوە و، ئێران یەکێک لەو وڵاتانەیە کە ئامارەکانی جێگەی باوەڕی خەڵک و ڕێکخراو و لایەنە پێوەندیدارەکان نین و دەڵێن کۆماری ئیسلامی ئاماری دروست بڵاو ناکاتەوە. تا ئێستا ئاماری کۆڕۆنا کە وەزارەتی تەندروستیی ئێران بڵاوی کردۆتەوە ژمارەی تووشبووان ٧٣ هەزار کەس و ژمارەی قوربانییەکان ٤٥٧٤ کەس ڕاگەیەندراوە. هەر بەهۆی بڵاوکردنەوەی ئاماری جیاواز لە ئاماری دەوڵەت تا ئێستا ٤ کەس لە کاربەدەستانی دەوڵەت لەسەر کارەکانیان وەلانراون.












