دایکی شەهیدێکی حیزبی دێموکراتی کوردستان بەهۆی نەخۆشی کۆچی دوایی کرد.
ڕۆژی هەینی، ٢٢ی خاکەلێوەی ١٣٩٩ی هەتاوی، دایە ” نوسرەت جەعفەرراد” لە ناوچەی نەغەدە بەهۆی نەخۆشی کۆچی دوایی کرد.
دایە نوسرەت دایکی شەهید ” سەدیق پاکنویس”، ژنێکی نیشتمانپەر و دایکێکی دڵسۆز بە خاک و نەتەوەکەی بوو، ژنێکی زەحمەتکێش و بە ورە بوو کە باوەڕی بە ڕزگاری گەلەکەی هەبوو، هەر بۆیە ڕۆڵەیەکی وەک شەهید سەدیق پەروەردە دەکا و دەبێ بە خەباتگێڕێکی سەردەمی خۆی و جێی متمانەی هاوڕێیانی.
کاتێک سەددیقی کوڕی لە ٨ی گەلاوێژی ساڵی ١٣٦٤ لە ئاوایی “گەرگول” شەهید دەکرێ، تەرمەکەی وێڕای دوو هاوڕێی تری دەکەوێتە دەستی هێزەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران و دەیانهێننەوە شاری نەغەدە، بەڵام ڕێگە نادەن دایە نوسرەت بۆ دواجار چاوی بە تەرمی کوڕە شەهیدەکەی بکەوێت.
ناوبراو ژنێکی بە ورە و خۆڕاگر بوو، هەموو کات شانازی بە کوڕە شەهیدەکەیەوە کردوە و بۆ ماوەیەکیش لە لایەن سپای پاسدارانەوە لە نەغەدە دەسبەسەر کراوە.
لە لایەن ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی بنەماڵەی دایە نوسرەت و خزم و کەسوکاریان دەکەین و خۆمان بە شەریکی خەمیان دەزانین.











