محەممەد نووریزاد و هاشم خواستار کە لە گەڵ ١٢کەسی دیکە ڕاگەیەندراوێکیان بۆ دەست لەکارکێشانەوەی خامنەیی واژۆ کردبوو، چەند مانگ پێشتر لە لایەن هێزەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کران. دواتر بۆ ماوەیەک مانیان لە خواردن گرت و هەتا ئێستاش سەرەڕای ئەشکەنجە و ئازاری خۆیان و بنەماڵەکانیان لەسەر داواکاری خۆیان کە دەستلەکارکێشانەوەی عەلی خامنەییە سوورن و بەپێی هەواڵی سەرچاوەکانی هەواڵ ئەوان لە ئیتلاعاتی مەشهەدەوە گوازرانەوە بۆ بەندیخانەی وەکیل ئابادی ئەو شارە.
محەممەد نووریزاد لە تۆمارێکی دەنگیدا کە لە بەندیخانەوە تۆمارکراوە دەڵێ: “ئێمەیان لە ترسی ئەوەی کە شۆڕش بخەینە ناو دەسبەسەرکراوانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە لە ئەشکەنجەگای ئیتلاعات گواستیانینەوە بۆ بەندیخانەی وەکیل ئاباد بەڵام “محەممەد حوسێن سپێهری” بە هۆی ئەوەی کە گومانی کۆڕۆنای لەسەر بوو گواسترایەوە بۆ یەکێک لە نەخۆشخانەکان و هەواڵیک لە چارەنووسی لەبەردەستدا نییە”.