ڤایرۆسی کۆڕۆنا هەر جارە و لە وڵات و ناوچەیەک بەرە و لاوازی دەچێ و بە پێچەوانەوە لە هێندێک وڵات ڕوو لە هەڵکشان و تەشەنە سەندنە.
بەپێی ئەو ئامارانەی کە تا ڕۆژی یەکشەممە ٢٤ی خاکەلێوەی ٩٩ی هەتاوی بڵاوکراونەتەوە، لە جیهاندا یەک میلیۆن ٨٥٣ هەزار و ٤٩٦ کەس تووشی ڤایرۆسی کۆڕۆنا بوون و لەوانەش ١١٤ هەزار و ٢٥٦ کەسیان گیانیان لەدەست داوە، هەروەها ٤٢٣ هەزار و ٤٨٠ کەسیش چاکبوونەتەوە.
بەپێی ئامارەکان تا ئێستا ئەمریکا لە ڕیزبەندی یەکەمی جیهاندایە کە ٥٦٠ هەزار و ٤٣٣ تووشبووی هەیە و ٢٢ هەزار و ١١٥ کەسیش گیانیان لەدەستداوە. دوای ئەمریکا وڵاتانی ئێسپانیا و ئیتالیا دێن کە زۆرترین تووشبوویان هەیە و خەڵکێکی زۆریش گیانی لەدەست داوە. لە ئیتالیا ڕۆژی ڕابردوو کەمترین ئاماری مەرگ تۆمار کراوە کە ٤٣١ بوون، بەڵام بە پێچەوانەوە لە بریتانیا لە ماوەی ٢٤ کاتژمێردا ٧٣٧ کەس گیانیان لەدەست داوە. لە هەرێمی کوردستان تا ئێستا ٤٣٣ کەس تووشی ئەم ڤایرۆسە بوون کە ٤ کەسیان مردوون و ١٤٩ کەسیشیان چاکبوونەتەوە.
هەروەها بەپێی ئەو ئامارانەی کە لە ئێران بڵاوکراونەتەوە تا ئێستا ٧١ هەزار ٦٨٦ کەس تووشی کۆڕۆنا بوون و ٤ هەزار ٤٧٤ کەس لەوانە مردوون.
لە ئێران لەگەڵ ئەوەی کە ڤایرۆسی کۆڕۆنا هەر لە حاڵی تەشەنەسەندندایە، بەڵام حەسەن ڕوحانی سەرۆک کۆماری ئێران ڕایگەیاند کە ئەگەر ٢ میلیۆن کەسیش بەهۆی ئەم ڤایرۆسەوە گیان لەدەست بدەن، دەبێ کارگەکان دەست بەکار بکەنەوە، کە دیارە بەلای کاربەدەستانی ئەو ڕێژیمەوە وەک هەمیشە گیانی ئینسانەکان بایەخی نییە و بەجێی ئەوەی کە ڕێگە چارەیەکی گونجاو بۆ پێشگیری لە تەشەنەسەندنی ڤایرۆسەکە و بژێویی ژیانی خەڵک بدۆزنەوە، ئامادەن ئاسانترین ڕێگە و پڕ مەترسیترین ڕێگە هەڵبژێرن کە ئەمەش بێگومان کارەساتی گەورەی لێدەکەوێتەوە.
هەر لە پێوەندی لەگەڵ کۆڕۆنادا خەڵکی ئێران بەهۆی دۆخی نالەباری ژیانیان و پێڕانەگەیشتنی دەوڵەت بە خەڵک، لەوە زیاتر تەحەممولی قەرەنتینە ناکەن و لە ڕووی ناچارییەوە بۆ پەیداکردنی بژێوی ژیانی بنەماڵەکەیان ڕوو لە بازاڕ دەکەن و ئەوەش دەبێتە هۆی ئەوەی کە خەڵکێکی زۆرتر تووش بن و ئاماری مردن چەند بەرابەر زیاد بکات.