بەشێک لە بازاڕیانی شائابادی کرماشان بە مەبەستی داواکردنی مافەکانیان و دەنگ هەڵبڕین لە بەرابەر دۆخی خراپی ژیانیان کۆبوونەوەیەکی ناڕەزایەتییان بەڕێوەبرد.
بە پێی ڕاپۆرتی چاونیوز، ڕۆژی یەکشەممە، ٢٤ی خاکەلێوەی ١٣٩٩ی هەتاوی، بەشێک لە خەڵکی کاسبکار و دەستفرۆشانی شاری شائاباد لەبەردەم باڵەخانەی فەرمانداری ئەو شارە بە نیشانەی ناڕەزایەتیی کۆبوونەوە.
ئەم خەڵکە ناڕازییە دەڵێن مەبەستیان لەم گردبوونەوەیە ئەوە بووە کە، لەلایەن هێزەکانی پۆلیس شوێنی کاروکاسبیان لێ داخراوە و ڕێگەیان پێ نادەن بۆ بژێوی ژیانی خۆیان لەم دۆخە قەیراناوییە کار بکەن.
شایانی باسە، لەگەڵ بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا بە مەبەستی سەلامەتی هاووڵاتیان داوا لە خەڵک کراوە لە ماڵەکانیان بمێننەوە، بەڵام ئەم دۆخە گوشاری بۆ چینی هەژار و کەمداهاتی کۆمەڵگە هێنانەوە و هیچ لایەنێکی دەسەڵاتیش بە هانایانەوە ناچێت و تەنانەت زۆرجار لەگەڵ توندوتیژی هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بەرەوڕووبوونەتەوە، ئەوان پێیان وایە قەرەنتینەکردن بە بێ دابینکردنی بژێوی ژیان واتە برسییەتی.
لە کاتێکدا لە زۆربەی وڵاتانی جیهاندا لەگەڵ قەرەنتینەکردنی شارەکاندا هەموو پێداویستییەکی ژیان و دەرامەتی مانگانە بۆ خەڵک دابین دەکرێت تاوەکوو خەڵک ناچار نەبن بۆ پەیداکردنی بژێوی ژیانیان بڕژێنە سەر شەقامەکان و ببنە هۆی زیاتر بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە.











