کرێکارانی کارگەی فلز لە نامەیەکدا کە ڕوو لە سەرۆک کۆماری ئێران نووسیویانە، باس لە دۆخی خراپی ژیانیان دەکەن و داواکارن لەم دۆخەدا هاوکاریان بکەن.
بەشێک لە کرێکارانی کارگەی فلز لە نامەیەکەدا ڕوو لە حەسەن ڕووحانی، بە ئاماژەدان بە بەرزبوونەوەی شەش بەرابەری نرخی ماسک و یەک و نیو بەرابەر بوونی نرخی پێداویستییەکانی تر، نووسیویانە: “توانای کڕینی ئەو کەلوپەلانەمان نییە،بە هۆی ئێوەوە و حکوومەتەکانی پێشتر ڕۆژ لە دوای ڕۆژ هەژارتر بووین و توانای کڕینی پێداویستییەکانمان دابەزیوە”.
لەو نامەیەدا کە ڕۆژی یەکشەممە، ۲٤ی خاکەلێوە لە مێدیاکان بڵاوکراوەتەوە، بە ئاماژەدان بە بیمەی بێکاری سەردەمی کۆڕۆنا بۆ ” شۆفێران، کرێکارانی بیناسازی، دەستفرۆشان، زۆرێک لە بێکاران و کەسانێک کە داهاتی ڕۆژانەیان لەسەر شەقامەکان پەیدا دەکەن ڕوو لە سەرۆک کۆماری ئیسلامیی ئێران نووسیویانە: ” دەکرێ بە خەڵک بڵێی لە ماڵ بمێننەوە بەڵام چینی هەژار لەبەر چاو نەگیرێ”.؟
نووسەرانی ئەو نامە بە ئاماژەدان بە گرانی بەشێکی زۆر لە کەلوپەل و پێویستەکان بۆ پێشگیری لە کۆرۆنا، نووسیویانە: “پێش لە بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا نرخی دەستکێشی لاستیک بەستەی بە ۳٥ هەزار تمەن بوو و لە دەرمانخانەکان دابەش دەکرا، بەڵام ئێستا گەیشتۆتە ۱۰۰ هەزار تمەن”.
هەروەها کرێکاران داوایان لە سەرۆک کۆمار کردوە کە بە بیمەی سێ مانگە، پێدانی مووچەی دواکەوتوو، بێبەرانبەرکردنی ئاو، بەرق، گاز تا تەواوبوونی قەیرانی کۆرۆنا و بەخۆڕایی کردنی پێداویستییە تەندروستییەکانی وەک ماسک و دەستکێش و موادی دژەگەنکردن پشتیوانی لە چینی بێکارو هەژاری کۆمەڵگە بکەن.
لە لایەکی تریش ڕۆژی یەکشەممە،٢٤ی خاکەلێوە ” عەلیرەزا مەحجوب” بەرپرسی فڕاکسیۆنی کرێکاران لە مەجلیسی ئێران ئاماژەی بەوە داوە، لەگەڵ بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا بەشی زۆری کرێکارەکان کارەکانیان لەدەست داوە و دۆخی دارایی ژیانیان خراپە.
هەروەها ڕۆژی شەممە، ٢٣ی خاکەلێوە، “عەلی رەبیعی”، وتەبێژی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە نووسراوێکدا باسی لەوە کردەوە کە کۆرۆنا کاریگەریی خراپی لەسەر کار و داهاتی نزیکەی ٧ میلیۆن و ٣٠٠ هەزار کەس لە ئێران داناوە.