لە دۆخی قەیراناوی کۆرۆنا لە ئێراندا، ناوەندی جیهانیی بەهایی نیگەرانی سەبارەت بە دۆخی تەندروستیی بەهاییەکان کە ئێستا لە زیندانەکانی ئێراندان دەربڕی و داوای ئازاد کردنی زیندانییەکانی لە زیندانەکانی ئێراندا کرد.
“بانی دوگال” نوێنەری باڵای کۆمەڵگەی جیهانیی بەهاییەکان لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، ڕۆژی شەممە، ٢٣ی خاکەلێوە لە نیویۆرک باسی لەوە کرد کە ” کۆمەڵگەی جیهانیی بەهایی داواکارە کە کۆماری ئیسلامیی ئێران بەخێرایی زیندانیانی بەهایی ئازاد بکا. هەروەها گوتی ئەوان کەسانی بێ گوناحن و هیچ کات نابێ زیندانی بکرێن، دەسبەرکرانی ئێستای ئەوان نەک دادپەروەرانە نییە بەڵکوو گیانی ئەوان لە مەترسیدایە و لە ڕاستیدا دەبێ هەموو زیندانیانی سیاسی و مەزهەبی ئازاد بکرێن”.
جێی ئاماژەیە، لەگەڵ بڵاوبوونەوەی کۆڕۆنا، بەشێکی بەرچاو لە ناوەند و ڕێکخراوە نێونەتەوەییەکان داوایان لە کۆماری ئیسلامیی ئێران کردوە کە زیندانییانی سیاسی و مەزهەبی ئازاد بکرێن و لەگەڵ بوونی مەترسی کۆرۆنا لە زیندانەکاندا نەمێننەوە.
شایانی باسە، لەگەڵ بڵاوبوونەوەی بەربڵاوی کۆڕۆنا و تەشەنەسەندنی لە نێو زیندانەکانی ئێراندا ژمارەیەکی زۆر لە زیندانیان تووشی ئەم ڤایرۆسە بوون و گیانیان لەدەست داوە، بەم هۆیەوە لە چەند زیندانی ئێران شۆرش و ناڕەزایەتیی زیندانیان سەری هەڵداو خوازیاری ئازاد کردن و مەرەخەسی پێدانیان بوون.












