بەپێی هەواڵێک کە بەدەستمان گەیشتوە، ڕۆژی شەممە ٢٣ی خاکەلێوەی ٩٩ی هەتاوی، کۆڵبەرێک بە ناوی “شیخە ئەحمەد پوور” بەهۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە کوژرا.
شیخە ئەحمەد پوور خەڵکی گوندی “مەنیحان”ی ناوچەی بانە بوو کە بۆ بژێوی ژیانی ڕووی کردبووە کاری کۆڵبەری و ڕۆژی شەممە لە بەرزاییەکانی گوندی بروێشکانی ناوچەی بانە لەگەڵ دەستەیەک لە کۆڵبەران کەوتە بەر دەسڕێژی چەکی بەکرێگیراوانی ڕێژیم و هەر لەوێ گیانی لەدەستدا.
دۆخی خراپی ژیانی خەڵک لە کوردستان و پێڕانەگەیشتنی دەوڵەت بۆتە هۆی ئەوەیکە بەشێک لە خەڵک ڕوو لە کۆڵبەری بکەن و لەو ڕێگەیەشدا ساڵانە کۆڵبەرێکی زۆر دەکەونە بەر دەسڕێژی هێزەکانی ڕێژیم یا بەهۆی بەفر و سەرما و کەوتنە خوارەوە لە شاخەکان گیان لەدەست دەدەن.











