پێشمەرگەیەکی پێشووی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە ناوچەی سەردەشت بەهۆی نەخۆشییەوە کۆچی دوایی کرد.
بەپێی هەواڵێک کە بە ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان گەیشتوە، ڕۆژی شەممە ٢٣ی خاکەلێوەی ٩٩ی هەتاوی، کاک “عەزیزە چکۆل” خەڵکی گوندی “گردێنە”ی ناوچەی سەردەشت لە تەمەنی ٦٢ ساڵیدا بەهۆی نەخۆشیی کۆچی دوایی کردوە.
کاک عەزیز دوای شۆڕشی گەلانی ئێران بۆ ماوەی چەند ساڵێک لە ڕیزی پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستاندا خزمەتی گەل و نیشتمانەکەی کرد. ناوبراو پێشمەرگەیەکی ماندوویی نەناس و لەخۆبوردوو و قسە خۆش و دەنگ خۆش بوو. لە زۆربەی جێژن و ڕێوڕەسمەکاندا بە دەنگە خۆشەکەی بەشداری دەکرد و بە قسەکانی کۆڕی دۆست و هاوڕێیانی دەڕازاندەوە.
بەهۆی دۆخی ژیانی بنەماڵەکەی وازی لە پێشمەرگایەتی هێنا، بەڵام تاسەر وەفادار بە بیروباوەڕ و ڕێبازی حیزبی دێموکراتی کوردستان مایەوە و دڵی هەر لای پێشمەرگە و ئازادی و ڕزگاری گەل و نیشتمان بوو.
لەلایەن ناوەندی ڕاگەیاندی حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی بنەماڵەی بەڕێزی کاک عەزیز و خزم و کەسوکاری دەکەین و خۆمان بە شەریکی خەمیان دەزانین.











