ڤایرۆسی کۆڕۆنا لەگەڵ ئەوەی کە تا ئێستاش مەترسییەکی جیددییە بۆسەر کۆمەڵگەی جیهانی، بەڵام هەنووکە چارەسەرێکی بۆ نەدۆزراوەتەوە و خەڵکیش لە قەرەنتینە بێزارن.
بەپێی ئەو هەواڵ و ئامارانەی کە لە مێدیاکانی جیهان لەلایەن ناوەندە پێوەندیدارەکانەوە بڵاوکراونەتەوە، تا ئێستا ژماری تووشبووان لە یەک میلیۆن و ٧٠٠ هەزار کەس تێپەڕیوە و ژمارەی ئەو کەسانەش کە بەهۆی ئەم ڤایرۆسەوە مردوون گەیشتۆتە ١٠٧ هەزار کەس و ڕۆژانە بە شێوەیەکی بەرچاو ئەو داتا و ئامارانە لە زیادبووندان.
هەر پێێ ئەو زانیارییانەی کە بڵاوکراونەتەوە، ئەمریکا بۆتە یەکەمین وڵاتی جیهان کە ئاماری تووشبووان گەیشتۆتە ٥٢٤ هەزار و ٩٣٢ کەس و ٢٠ هەزار و ٣٨٩ کەسیش مردوون.
لە ئێران لەگەڵ ئەوەی کە دەوڵەت تا ئێستا ئامارێکی ڕاست و دروستی ڕانەگەیاندووە، بەڵام بەپێی ئەو هەواڵ و ئامارانەی کە لەلایەن کاربەدەستانی دەوڵەتەوە بڵاوکراونەتەوە ژمارەی تووشبوون تا ڕۆژی شەممە گەیشتۆتە ٧٠ هەزار و ٢٩ کەس و ٤ هەزار و ٣٥٧ کەسیش مردوون، بەڵام لایەنە سەربەخۆکان ئەم ئامارە بە دروست نازانن و دەڵێن ئامارەکە زۆر لەوە زیاترە کە ڕێژیم بڵاویکردۆتەوە.
لە ئێران لەگەڵ ئەوەی کە ڤایرۆسی کۆڕۆنا هەر لە حاڵی تەشەنەسەندن دایە، بەڵام سەرۆک کۆماری ئێران و کاربەدەستانی ڕێژیم بڕیاری کردنەوەی کارگە و کارخانەکانیان داوە و داوایان کردووە کە کرێکاران بچنەوە سەر کارەکانیان. ئەمەش بۆتە هۆی ناڕەزایەتی خەڵک و شارەزایان، پێیان وایە کە ئەم بڕیارەی دەوڵەت دەبێتە هۆی تووشبوونی خەڵکێکی زۆرتر و کارەسات بە دوای خۆیدا دێنی، بەڵام کاربەدەستانی ڕێژیم بێ گوێدانە گیانی خەڵک، لە هەڵە یەک لە دوای یەکەکانیان بەردەوامن.