چالاکانی مەدەنی و خەڵکی دڵسۆز و خۆبەخشی کوردستان بەردەوام خەریکی دژەگەندکردنی شار و گوندەکان و خزمەتکردنی خەڵکی نیشتمانن.
بە پێی ئەو هەواڵانەی کە ڕۆژانە لە شار و گوندەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵاتەوە دەگاتە دەستمان سەرەڕای نەبوونی ئیمکاناتێکی ئەوتۆ چالاکانی مەدەنی، فەرهەنگی، ژینگەیی و خەڵکی خۆبەخشی سەرتاسەری کوردستان بەهۆکاری بێمتمانەیی بە حکوومەت و دەزگا دەوڵەتییەکان، بە هەموو شێوەیەک و ماندوونەناسانە لە مەیدانی بەرگری لە خەڵکەکەیاندان و بە دژەگەندکردنی شەقام و کۆڵانەکان، بە هیوابەخشی و یارمەتیدانی خەڵکی کوردستان دژی پەتای کۆرۆنا وەستاونەتەوە.
شایانی باسە کە کۆماری ئیسلامی سەرەڕای دەوڵەمەندی و سەروەت و سامانێکی زۆری وڵاتی ئێران کە لە ژێر چنگیدایە، لە هیچ ڕووداو و قەیرانێکدا بە هانای خەڵکەوە نایەت و خەڵکیش بە ناچار خۆیان هەوڵی پاراستنی خۆیان گرتۆتە ئەستۆ. دڵسۆزانی نیشتمانی کورد بەهەر جۆرێک کە بۆیان بلوێ خزمەتی خەڵک و خاکەکەیان دەکەن و بێ گوێدانە کەمکاری و خەمساردیەکانی دەوڵەت ئەوان خۆبەخشانە بە خەمی زێد و نیشتمانەوەن.











