بە هۆی پشتیوانی لە بڵاوکردنەوەی ئاماری ڕاست و دروستی کۆرۆنا، سەرۆکی زانکۆی ئەردەبیل لەسەر کارەکەی وەلانرا.
وەزیری تەندروستیی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی، ” قودرەت ئەکبەری” سەرۆکی زانکۆی پزیشکیی ئەردەبیل بە هۆکاری پشتیوانی لە سەرۆکی نەخۆشخانەیەکی ئەوشارە کە ئاماری ڕاستەقینەی کۆرۆنای بڵاو کردبۆوە، لەسەر کار لادا.
ماڵپەڕی دەنگ و ڕەنگی کۆماری ئیسلامیی ئێران، ئێوارەی ڕۆژی شەممە ٢٣ی خاکەلێوەی ٩٩ی هەتاوی، هەواڵی لەسەر کارلادانی ناوبراو و ڕاسپاردنی “شەهرام حەبیب زادە”ی وەکوو سەرۆکی زانکۆی پزیشکیی ئەردەبیل بڵاو کردەوە.
هەروەها هەواڵدەریی بۆڕنا ئەم هەواڵەی پشتڕاست کردەوە و نووسی هۆکاری لەسەر کارلادانی ئەکبەری، پشتیوانی لە ئیسماییل فەرزانە سەرۆکی نەخۆشخانەی “خومەینی” شاری ئەردەبیل بووە.
شایانی باسە کە “ئیسماییل فەرزانە” سەرۆکی نەخۆشخانەی ئەردەبیل چەند ڕۆژ پێش ئاماری تووشبوانی کۆرۆنا کە لە لایەن دەزگا فەرمییەکانەوە ڕاگەیەندرابوو بە درۆ خستبۆوە و ڕایگەیاندبوو کە ئامارەکان زۆر زیاتر لەوەن کە حکوومەت باسی دەکا.