بە پێی هەواڵی گەیشتوو بە ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان، ڕۆژی پێنج شەممە ٢١ی خاکەلێوەی ١٣٩٩ی هەتاوی مامۆستا “مەلا حەسەن مودەڕرسی” ناسراو بە مامۆستا “حەسەن شێخ زادە” بەهۆی تووشبوون بە کۆڕۆنا کۆچی دوایی کرد .
مامۆستا “مەلا حەسەن مودەڕرسی” لەدایک بووی ساڵی ۱۳۰۸ی هەتاوی، کوڕی مامۆستا “عەبدوڵڵای مودەڕرسی” خەڵکی ئاوایی “شاوەلە”ی نەغەدە ناسراو بە مامۆستا مەلا حەسەنی شێخ زادە لە دوای کۆچی دوایی باوکی و دایکی بەڕێزی واتە سەیزادە “عایشە” ناسراو بە شێخ زادە دەنێردرێتە حوجرەی فەقێیان و دەبێتە فەقێ لە ئاوایی “گردکسپیان” لە لاجانی پیرانشار .
خوالێخۆشبوو هەر لەوێ لە لای مامۆستا “ئەحمەدی گردکسپیان” دەست دەکا بە خوێندنی علومی دینی و وەکوو نەریتێکی ئەو سەردەم بە شارو گوندەکانی کوردستاندا دەگەڕێ و لە لای زۆربەی مامۆستایانی ئایینی ئەوکات دەرس دەخوێنێ و دواتر ئیجازەی مەلایەتی وەردەگرێ و دەبێتە پێشنوێژی ئاوایی “دەشتی قوڕێ” سەر بە ناوچەی.
دوای چەند ساڵێک مانەوە لە دەشتی قوڕێ لەسەر داوای خەڵکی گوندەکەی خۆی کە شوێنی لەدایکبوونی بووە دەچێتەوە “شاوەلە” و دەبێتە مەلای شاوەلە .
ناوبراو لە سەرەتای شۆڕشی گەلانی ئێران لە ساڵی١٣٥٧ی هەتاوی برایەکی بە ناوی “مام عەلی مودەڕرسی” بە دەستی هێزەکانی کۆماری ئیسلامی شەهید کرا. هەر لەو کاتەوە وەک بنەماڵەی شەهید ماڵەکەیان دەبێتە شوێنی زۆربەی کۆبوونەوەکان و هاتوچۆکردنی خەباتگێڕانی حیزبی دێموکرات .
لە ساڵی ١٣٦٤ی هەتاوی مامۆستا دێتە شاری نەغەدە و لە مزگەوتی “سەید عەبدوڵڵای کەماڵی” دەبێتە مەلای ئەو مزگەوتە و هەر لەو مزگەوتەوە دەست دەکا بە دەرس کوتنەوە بە فەقێیان و خەریکی پەروەردە کردنی مامۆستایانی ئایینی گەلەکەی دەبێ .
خوالێخۆشبوو کەسایەتیەکی نیشتمانپەروەر و گەلدۆست بوو، بۆ چارەسەرکردنی زۆربەی کێشەو گرفتەکانی خەڵک پرسی پێدەکرا و هەمیشە لەگەڵ مامۆستایانی هاوڕێی قسەی لە داهاتووی گەلەکەی دەکرد و هەوڵی چارەسەری کێشەی میللەتەکەی دەدا .
لە لایەن ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە بەم بۆنەوە سەرەخۆشی خۆمان لە بنەماڵەی مامۆستا و هەموو خزم و کەسوکاریان دەکەین و خۆمان بە شەریکی خەمیان دەزانین.











