دەزگای قەزایی کۆماری ئیسلامی “مستەفا سەلیمی”، زیندانیی سیاسیی کوردی لەدار دا.
مستەفا سەلیمی بەرەبەیانی ڕۆژی شەممە، 23ی خاکەلێوە دوای 17 ساڵ مانەوە و بەندکران لە زیندان ئێعدام کرا. ناوبراو بە تۆمەتی چالاکیی ئەمنیەتی دژی کۆماری ئیسلامی لە ڕێگەی ئەندامەتیی حیزبێکی کوردیی دژبەری ڕێژیم و تێکهەڵچوونی چەکداری لەگەڵ هێزەکانی ڕێژیم سزای ئێعدامی بەسەردا سەپابوو.
مستەفا سەلیمی ڕۆژی 8ی خاکەلێوە دوای بڵاوبوونەوەی نەخۆشیی کۆرۆنا و پاش ئەوەی داوای چوونە مەرەخەسییان لە لایەن بەرپرسانی زیندانی سەقزەوە بێوەڵام مایەوە، وێڕای دەیان بەندکراوی دیکە لە دەرفەتێکدا لە زیندان ڕایان کرد.
دوای ئەم ڕووداوە بەشێک لەم بەندکراوانە لە رێگەی جۆراوجۆرەوە گیرانەوە، یان ڕادەستی ناوەندە ئەمنیەتیەکانی ڕێژیم کرانەوە کە مستەفا سەلیمی یەک لەوان بوو.
مستەفا سەلیمی خەڵکی گوندی ئیلۆی سەقز بوو. ناوبراو وەک دژبەری ڕێژیم ساڵی 1382ی هەتاوی بەدوای تێکهەڵچوونێک لەگەڵ هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی گیرا.
ناوبراو دواتر بە تۆمەتی چالاکیی ئەمنیەتی لەدژی کۆماری ئیسلامی و تێکهەڵچوونی نیزامی لەگەڵ حکوومەت کە تێیدا چەند کەس لە هێزەکانی ڕێژیم کوژرابوون، دادگایی و سزای ئێعدامی بەسەردا سەپا.
مستەفا سەلیمی دوای ڕاکردنیان لە زیندان و گیرانەوەی بردرایەوە زیندانی ناوەندیی سەقز و بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە، 23ی خاکەلێوە لەدار درا.
ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان وێڕای مەحکومکردنی ئێعدامی مستەفا سەلیمی، سەرەخۆشی لە بنەماڵە و کەسوکاری دەکا.











