ھەر وەكوو لە ڕێژیمی كۆماری ئیسلامیی ئێران چاوەرێ دەكرا، ھەر لە ڕۆژی یەكەمی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە ڕۆژھەڵاتی كوردستان لاوازی و بێ دەروپەیكەری نەخۆشخانەكان لە سەرجەم شارەكان بە ڕوونی دەركەوت. لە 15 ڕۆژی یەكەمی بڵاوبوونەوەی كۆرۆنا زۆربەی نەخۆشخانەكانی ڕۆژھەڵاتی كوردستان ئامێری ھەناسەی دەستكردی لێ نەبوو، ئەوەی ھەشبوو كۆن و لەكاركەوتوو بوون كە بەشی نەخۆشە ئاساییەكانی دیكەشی نەدەكرد. ھەر لە ڕۆژی یەكەمەوە پزیشك و پەرەستارو كارمەندی نەخۆشخانەكان جلوبەرگی گونجاوی مامەڵەكردن و بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنایان نەبوو، تەنانەت كارەساتەكە گەیشتە ئاستێك كە ماسك و پەنجەوانە بۆ پەرەستارەكان بە ئەستەمی دەست دەكەوت.
لە قەیرانی كۆرۆنادا وەزارەتی تەندروستیی ئێران ھیچ گرنگییەكی بە ڕۆژھەڵاتی كوردستان نەداوە، بە لێدوانی بەرپرسانی خۆجێیی تەندروستی و سەرۆكی زانكۆ پزیشكییەكانیشەوە دیارە كە لە ڕەدیف بودجەی تەرخانكراو بۆ بەرەنگاربوونەوەی كۆرۆنا لە ئێران بەشێكی ئەوتۆ بۆ ڕۆژھەڵاتی كوردستان تەرخان نەكراوە. لەو ئان و ساتەدا سپی پۆشەكانی كوردستان نەبووان ئێستا دۆخی ڕۆژھەڵاتی كوردستانیش بە دەست ڤایرۆسی كۆرۆنا لە بەشەكانی دیكەی ئێران باشتر نەدەبوو، بەڵام پزیشك و پەرەستارەكان لە ڕۆژھەڵاتی كوردستان لە گەڵ سەرمایەدارو خۆبەخشەكان بوون بە یەك تیم و بەڵێنی پاراستنی كوردستانییەكانیان لە بەرامبەر كۆرۆنا دا.
تاكوو ئێستا لە زیاتر لە 60 شاری رۆژھەڵاتی كوردستان خۆبەخشەكان لە كارگە و ژوورە تایبەتەكانی خۆیاندا جلوبەرگ و ماسك و پەنجەوانە بۆ تیمی پزیشك و پەرەستارەكانی شارەكەی خۆیان دروست دەكەن، بۆ نموونە لە بانە و سنە خۆبەخشەكانی نیشتمان بە ڕێژەیەك جلوبەرگی ئیزۆلە و ماسكیان بۆ كادیرانی تەندروستی دروستكردووە كە ئیتر پێویستیان بە ھی ڕێژیم نەماوە.
تاكوو ئێستا لە زیاتر لە 35 شاری ڕۆژھەڵاتی كوردستان سەرمایەدار و خۆبەخشەكان بە سەرمایەی خۆیان نەخۆشخانەی كاتی پێشكەوتوویان بە ھەموو ئامێری پێویست بەو قۆناغە دروستكردووە، بۆ ئەوەی گیانی كوردستانییەكان نەخەنە بەردەم بێ ڕوحمی و بێ پلانی و خەمساردی ڕێژیمی كۆماری ئیسلامیی ئێران و خۆیان قۆڵیان لێ ھەڵماڵیوە و خەریكە ھاووڵاتیان دەپارێزن.
سپی پۆشەكانی كوردستان ئەو پەرەستارو پزیشك و خۆبەخشانەن كە كات و سەرمایەی خۆیان تەرخانكردووە كە تووشبووان بە كۆرۆنا بپارێزن و ئەوان جگە لەوەی ڕوورەشی كۆماری ئیسلامی ئێرانیان دەرخستەوە ھاوكات داھاتووی ئەو كوردستانەیان سپی سپی كردەوە.











